شارپرێس:
شێروان شێروانی کە یەکێکبوو لەحوکمدراوانی بادینان، بڕیاربوو ئەمڕۆ ئازادبکرێت، بەڵام پارێزەرێکی دەڵێت، ڕێکارە یاساییەکان تەواو نابنو سبەینێ هەوڵدەدەن ئازادی بکەن.
ڕەمەزان ئەرتیسی یەکێک لەپارێزەرانی شیروان شێروانی ئاشكرایكرد، "هەوڵماندا ئەمڕۆ شێروان ئازاد بکرێت، بەڵام بەهۆی ڕێکارە یاساییو کارگێڕییەکانەوە قورسە ئەمڕۆ بێتو سبەینێ هەوڵەکانمان بەردەوامدەبێت".
شێروان شێروانی زیاتر لەچوار ساڵە لەزینداندایەو دوای بڕیارێکی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سزاکەی بۆ نیوە کەمکرایەوە.
پارێزهرهكهى شێروانى ئاماژهى بهوهداوه، "بۆ ئازادکردنی شێروان داواکاری ئازادبونی بەمەرج کراوە، ئەوەش چەند ڕێکارێکی لەدادگەکان دەوێت، بۆیە ئەمڕۆ تەواو نەکراوە؛ هەوڵەکانیشمان بەردەوامە".
دوای چەند مانگێک لەدەستگیرکردنیان، دادگەی تاوانی هەولێر 16ى 2ى 2021 بەتۆمەتی (تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی)، هەریەک لەشێروان شێروانی، ئەیاز کەرەم، گوهدار محەممەدئەمین، هاریوان عیساو شڤان سەعیدی بەیەکی شەش ساڵ زیندانیکردن سزادا، مانگی شوباتی 2022ش بەفەرمانی سەرۆکی هەرێم 60%ی سزاکەیان لابرا، جگە لەشێروان شێروانی کە 50% کەمکرایەوە.
دوای لێخۆشبونەکەی سەرۆکی هەرێم، 16ى 3ى 2023 سێ کەس لەحوکمدراوان کە بریتیبون لەئەیاز کەرەم، هاریوان عیساو شڤان سەعید ئازادکرانو دوای دوو سزای دیکە، گوهدار محەممەدیش ئازادکرا.
بەگوێرەی بڕیارەکەی سەرۆکی هەرێم، دەبوو ئەیلولی 2023 شێروان شێروانی ئازادبکرایە، بەڵام پێش ئەوکاتەو لە20ی تەمموزی 2023، شێروانی بەمادەی 298و 295 لەیاسای سزادانی عێراق، بەچوار ساڵ بەندکردن سزادرایەوە، دواتر بەبڕیارەکەی سەرۆکی هەرێم چوار ساڵەکە کرایەوە بەدوو ساڵو بڕیاربوو ئەمڕۆ ئازادبکرێت.
لەبارەی هۆکاری دوبارە چوارساڵەکەی شێروان شێروانی، ئەرتیسی وتویهتى، "ساڵی 2022 داوای ئازادکردنی مەرجدارمان بۆ ئەیاد کەرەم، شڤان سەعید، گۆهدار زێباریو هاریوان عیسا کرد، بەڵام نەکراو دواتر وتمان مادام ناکرێت با بڕیارەکە هەڵبوەشێنینەوە، بۆ واژۆی هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکە هەموو گیراوان بەدەستی خۆیان واژۆیان کرد، تەنها گۆهدار زێباری نەبێت کە ئەوکات لەزیندانیی تاکە کەسی بوو، داوایکردبوو شێروان شێروانی لەبری ئەو واژۆبکاتو ئەویش واژۆی بۆکردبوو، دادگا لەسەر ئەو بابەتە بەچوار ساڵی دیکە سزای شێروانی دایەوە".
