شارپرێس:
توێژینەوەیەکی نوێ، کە لەکۆنگرەی جەڵتەی مێشکی ئەوروپا پێشکەشکرا، بۆی دەرکەوتوە کە بەکارهێنانی دەنکۆڵەی ڕێگریکردن لەدوگیانی ڕەنگە مەترسی توشبون بەجەڵتەی مێشکی ئافرەتان بەڕێژەی سێقات زیادبکات، تەنانەت لەغیابی هۆکارە تەقلیدییەکانی مەترسیدا.
توێژینەوەیەک داتاکانی 536 ژنی تەمەن 18 بۆ 49 ساڵ شیکردەوەو بۆی دەرکەوتوە، ئەو ژنانەی ئەم حەبانەیان بەکارهێناوە ئەگەری توشبونیان بەجەڵتەی مێشک بەشێوەیەکی بەرچاو زیاترە لەچاو ئەوانەی بەکاریاننەهێناوە.
دکتۆر ماین سێزگین توێژەری سەرەکیی جەختی لەگرنگی پێداچونەوە بەبەکارهێنانی حەبی ڕێگریی لەدوگیانی کردوهتەوە، بەتایبەت ئەوانەی هۆکارەکانی تری مەترسیشیان لەگەڵدایە.
هەرچەندە توێژینەوەکە تیشکدەخاتەسەر مەترسییە گریمانکراوەکان، بەڵام پسپۆڕانی سەربەخۆ جەخت لەوەدەکەنەوە، مەترسی توشبون بەجەڵتەی مێشک لەئافرەتانی تەندروستدا زۆر کەمدەمێنێتەوە، هەروەک دووگیانی خۆی مەترسییەکی زیاتری هەیە لەچاو بەکارهێنانی حەبی ڕێگریی لەسکپڕیی.
بهگوێرهى خەمڵاندنەکان زیاتر لە 100 ملیۆن ژن لەجیهاندا ئەم حەبانە بەکاردەهێنن، هەرچەندە بەڕێژەی زیاتر لە 99% کاریگەرە لەڕێگریکردن لەدوگیانی، بەڵام ڕەنگە خواردنی پەیوەندی هەبێت بەگرفتە تەندروستییەکانی وەک خوێن مەینو جەڵتەی دڵو هەندێکجۆری شێرپەنجە، ئەمە جگە لەکاریگەرییە لاوەکییە باوەکانی وەک سەرئێشەو سکچونو خوێنبەربونی لەناکاو.
و: ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی
