داهێنانێکی یابانى مەترسییەکی گەورە لەسەر ژینگەی جیهان کەمدەکاتەوە

هەمەڕەنگ

07/06/2025‌ 4144 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

توێژەرانی ژاپۆنی جۆرێکی نوێی پلاستیکیان پەرەپێداوە کە بەخێرایی لەئاوی دەریادا لەماوەی چەند کاتژمێرێکدا شی دەبێتەوە، ئامانجیش لێی کەمکردنەوەی پیسبونی ژینگەیە کە بەهۆی پاشماوەی پلاستیکەوە دروستدەبێت.


ئەم داهێنانە لەئەنجامی هاوکاریی نێوان سەنتەری RIKEN بۆ زانستی مادە سەرهەڵداوەکان‌و زانکۆی تۆکیۆیە، تیمەکە سەرکەوتوبون لەدروستکردنی مادەیەکی پلاستیکی کە بەخێرایی شییدەبێتەوە بەبێئەوەی هیچ پاشماوەیەکی زیانبەخش بەجێبهێڵێت.

بەگوێرەی ماڵپەڕی های کەناڵ، تاقیکردنەوەیەکی تاقیگەیی لەشاری واکۆی ژاپۆن ئەنجامدراوە، لەو ماوەیەدا پارچە پلاستیکێکی بچوک لەئاوی خوێدا دانراوەو لەماوەی کەمتر لەکاتژمێرێکدا بەتەواوی شییبوه‌تەوە، هەرچەندە تائێستا بەرهەمەکە بەشێوەیەکی بازرگانیی بەردەستنەبوە، بەڵام چەند کۆمپانیایەکی پاکەتکردن ئارەزوی زۆریان بۆ بەکارهێنانی دەربڕیوە.

ئەم داهێنانە لەکاتێکدایە کە لەلایەن نەتەوەیەکگرتوەکانەوە هۆشدارییەکان بڵاوکراونەتەوە کە پیسبونی پلاستیکی جیهانی تاساڵی 2040 دەتوانێت سێ هێندە زیادبکات، بەتایبەتی خەمڵاندنەکان ئاماژە بەوەدەکەن، زەریاکان ساڵانە لەنێوان 23 بۆ 37 ملیۆن تۆن پاشماوەی پلاستیک وەردەگرن.

و: ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی