شارپرێس:
ڕۆژنامەی ئۆرشەلیم پۆستی عیبری بەپشتبەستن بەڕاپۆرتێکی ئەمدواییەی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمیی (IAEA) ئاشکرایکردوە، ئێران چەندین تاقیکردنەوەی تەقینەوەی سەربازیی ئەنجامداوە، کە تەکنەلۆژیایەکی سەرەکی سەربازییە بۆ پەرەپێدانی بۆمبی ئەتۆمی.
ڕۆژنامە عیبرییەکە دەڵێت، "هەرچەندە بەشێکی زۆری ڕاپۆرتی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی ئاماژە بەچالاکییە سەربازییەکانی ئێران دەکات کە مێژوەکەی بۆ 20 ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، بەڵام تۆمارکردنی وردی ئێران بەو مانایەیە کە هەر پێشکەوتنێک کە کۆماری ئیسلامی ئەوکات بەدەستیهێنا، دەتوانرێت دواتر بۆ پاڵنانی کتوپڕو خێرا بەرەو پێشکەوتنی چەکی ئەتۆمیی تا ساڵی 2025 سودی لێوەربگرێت".
ئەوەش هاتوە، "ئەنجامدانی چەندین تاقیکردنەوەی تەقەمەنی ئێران ئاماژە بەوەدەکات کە ڕەنگە ئەو وڵاتە زۆر لەوە پێشکەوتوتربێت لەوەی پێشتر بیری لێدەکرایەوە لەبوارە تەکنیکییەکانی دیکەی پێویست بۆ دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمیی، نەک تەنها پیتاندنی یۆرانیۆم".
ئەم زانیاریانەو دۆزینەوەکانی دیکە لەپەیپەرێکدا بەوردی شیکراونەتەوە کە لەمدواییانەدا لەلایەن پەیمانگای زانستو ئاسایشی نێودەوڵەتیی بڵاوکرایەوە، بەسەرۆکایەتی دەیڤید ئۆلبرایت توێژەری سەرەکییو سەرۆکی پەیمانگه.
ئەم پێشهاتە لەکاتێکی هەستیاردادێت، لەکاتێکدا گفتوگۆکانی نێوان تارانو واشنتۆن سەبارەت بەزیندوکردنەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمیی خێراتر دەبێت، بەڵام پەیمانگاکە هۆشداریداوە لەوەی کە پێشکەوتنەکانی ئێران دەتوانێت ناوچەکە بخاتە دۆخێکی مەترسیدارەوە، مەگەر لەئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتوەکان هەنگاوی یەکلاکەرەوە بگیرێتەبەر.
ئاکۆ عەبدوڵڵا