ئەمینداری گشتیی بزوتنەوەی نوجەبا هەڕەشە لە سەرۆکی ئەمریکا دەکات و دەڵێت، ئەگەر رێبەری ئێران بکرێتە ئامانج، هیچ سەرباز و دیپلۆماتکارێکی ئەمریکیی لەناوچەکەدا سەلامەت نابن.
لە پەیامەکەیدا کە ئەمڕۆ پێنجشەممە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوی کردووەتەوە، ئەکرەم کەعبی، ئەمینداری گشتیی بزوتنەوەی نوجەبا لە عێراق قسەکانی ئاڕاستەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەکات و دەڵێت: "سوێند بە خودا، ئەگەر دەستتان بەر موویەکی وەلیی ئوممەت، ئیمام خامنەیی بکەوێت، ئەوە ئێوە و هاوپەیمانەکانتان دەکەونە ژێر راوەدونانی ئێمەوە، چونکە ویلایەتی ئێمە و ئێران لە ناوچەکەماندایە".
ئەمینداری نوجەبا، کە بە یەکێک لە لایەنەکانی نزیکی ئێران لە عێراق هەژمار دەکرێت دەڵێت، ئەگەر خامنەیی بکەنە ئامانج، ئەوکاتە "نە سەرباز و نە دیپلۆماتکار، هیچ کەسێکتان سەلامەت نابێت، بەڵکو هەرکەسێک هەڵگری رەگەزنامەی ئێوە بێت لە ناوچەکەماندا و هەموو بەرژەوەندییە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆکانتان، تاوەکو لە ژیاندا بین، دەبنە ئامانجی شەرعیی ئێمە".