شارپرێس:
لە پەرەسەندنێکی چۆنایەتیی و ناوازەدا، ئێران هێرشێکی
مووشەکیی چڕ و پڕی کردە سەر شوێنە هەستیارەکانی ئابووریی لە ناوخۆی ئیسرائیل، دیارترینیان
بۆرسەی تەلئەبیب بوو، کە شادەماری دارایی
دەوڵەتی عیبرییە و ناوەندێکە بۆ بڕیاردانی وەبەرهێنان و ڕاکێشانی سەرمایەی بیانیی.
ئەم هێرشە کە
بارەگای بۆرسەکەی بەسەریەکدا رماند، بووە هۆی ترس و دڵەڕاوکێیەکی بەرفراوان لە
بازنە داراییەکان و کاریگەریی لەسەر متمانەی وەبەرهێنەرانی بیانیی هەبوو لە سەقامگیریی
ئیسرائیل وەک شوێنێکی سەلامەتیی وەبەرهێنان و لە ئەنجامدا زیانە سەرەتاییەکانی بە
زیاتر لە 28 ملیار دۆلار
دەخەمڵێنرێت.
لە بەرانبەردا حکومەت و بانکی ناوەندیی ئیسرائیل بۆ ڕزگارکردنی
بازاڕەکە و ڕێگریکردن لە داڕمانی بازاڕی بۆرسە، بڕە پارەیەکی زۆریان خستەڕوو، ئەمەش
لە هەوڵێکدا بۆ هەڵمژینی ئەو شۆکە و سنووردارکردنی کاردانەوەکانی لەسەر سیستەمی
بانکیی.
هێرشەکانی ئێران تەنیا لە کەرتی داراییدا سنووردار نەبوون؛
بەڵکو کەرتە گرنگەکانی دیکەشیان گرتەوە، لەوانە:
بارەگای سوپا و
هەواڵگریی ئیسرائیل، لە تەنیشت نەخۆشخانەی سۆرۆکا کە سیستەمی فەرماندەیی
ئەلیکترۆنیی و شەڕی ئەلیکترۆنیی تێدایە.
پاڵاوگەی حەیفا و کۆمەڵگەی پیشەسازیی بازان، کە گەورەترین
دامەزراوەی پاڵاوتنی وزە و نەوتی ئیسرائیلە، کەوتە بەر لێدانێک کە وێستگەیەکی کارەبای
ناوەندیی وێران کرد و چەندین کەس گیانیان لەدەستدا و پاڵاوگەکەش بەتەواوی داخران،
ئەمەش بووە هۆی پەککەوتنی توندی تۆڕی کارەبای نیشتمانیی.
جگە لەوەش مووشەکەکان "فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بن
گوریۆن"یان کردە ئامانج کە شاخوێنبەریی سەرەکیی هاتوچۆی ئاسمانیی ئیسرائیلە و
هاتوچۆی ئاسمانی ئیفلیج کرد و بووە هۆی کۆچی بەکۆمەڵی ئیسرائیلییەکان لە ڕێگەی بەندەرە
دەریاییەکانەوە بۆ وڵاتانی وەک قوبرس و ماڵتا و پرتوگال.
ئەم هێرشانە پەیامێکی سیاسیی و ئابووریی بەهێزیان نارد کە
ئیسرائیل چیتر پەناگەیەکی سەلامەت نییە، هەم بۆ وەبەرهێنەران و هەم بۆ دانیشتووانەکەی،
ئەمەش وایکرد سەدان کەس بیر لە کۆچکردن بکەنەوە.
هەروەک هێرشەکان لاوازیی ژێرخانی ئیسرائیلیان لەبەرانبەر
پەرەسەندنی گرژییەکان لەگەڵ ئێران نیشان دا، بەتایبەتیی لەئەگەری ئەوەی ئێران هێرشەکانی
فراوانتر بکات بۆ ئەوەی بانکی ناوەندیی و سیستەمی پارەدانی ئەلیکترۆنیی و تۆڕەکانی
کارەبای بەستراو بە بانکەکان بگرێتەوە، ئەمەش دەتوانێت ئابووری ئیسرائیل بخاتە ناو
قەیرانێکی دارایی و ئابووریی گەورەوە.