شارپرێس:
ڕۆژنامەی وۆڵستریت جۆرناڵی ئەمریکی ئاشکرایکردوە، ئەمریکا ڕاستەوخۆ بەشدارە لەبەرپەرچدانەوەی هێرشەکانی ئێران بۆسەر ئیسرائیل، ئەوەش لەڕێگەی پێدانی موشەکی بەرگرییەوە.
ئەو ڕۆژنامە ئەمریکییە ئاماژەی بەوەشداوە، لەکاتێکدا هێرشە موشەکییەکانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل توند دەبنەوە، ئەمریکا کەشتی سەربازیی دیکەی ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردوە، تا هاوکاریی ئیسرائیل بکەن لەبەرپەرچدانەوەی موشەکە بالیستییەکانی ئێران.
چاوەڕێدهكرێت، لەماوەیەکی نزیکدا ئەمریکا سێ کەشتی فڕۆکەهەڵگر لەئاوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێگیردەکات ئەوانیش؛ یو ئێس ئێس کارڵ ڤینسن، یو ئێس ئێس نیمیتیزو یو ئێس ئێس فۆرد.
دوێنێ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لەلێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئێران چەند هەفتەیەک لەدەستخستنی چەکی ئەتۆمی دوربوو، بۆیە ئیسرائیل بڕیاریدا گورزی سەربازی لێبدات.
ترەمپ ستایشی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی ئیسرائیلی کردو وتی:"ئیسرائیل لەڕوی سەربازییەوە کارێکی باشدەکات؛ قورسە داوای لێبکەم هێرشەکانی سەر ئێران ڕابگرێت، ناتوانم هیچ بڕیارێک لەسەر ئێران بدەم ئێستاو هیچ ڕێگەیەکم لێ دیارنییە ئەو شەڕکردنە ڕابگرم".