شارپرێس:
دیمیتری مێدڤێدێڤ جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی ڕوسیا هۆشدارییدا لەوەی ململانێی نێوان ئیسرائیلو ئێران بەرەو ڕوبەڕوبونەوەیەکی جیهانیی پەرە بستێنێت، دهشڵێت:"جەنگی ئێرانو ئیسرائیل کاریگەریی لەسەر ڕوسیا نابێت".
مێدڤێدێڤ ئەمڕۆ شەممە لەسەکۆی تەلەگرام نوسیویەتی، "هەرچەندە ئەوە ئاڵۆز دەردەکەوێت، بەڵام هەموو ئەم ئاژاوەیەی نێوان ئیسرائیلو ئێران بەڕونی زیان بەبەرژەوەندییەکانمان ناگەیەنێت".
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی ڕوسیا جەختیكردوهتهوه، "زۆرینەی ئەمریکییەکان نازانن ئۆکرانیا لەکوێیەو تیمی سەرۆکی ترەمپ نایانەوێت پارە لەململامێیەکی نامۆ بەوڵاتەکەیان خەرجبکەن، بەڵام ئیستا لەژێر گوشارێکی زۆردایە، بەڵام کاتێک بابەتەکە پەیوەندیی بەئیسرائیلەوە هەیە، جیاوازە".
هەروەک دەڵێت:"تەنها یەک مەترسییەکی ڕون هەیە، ئەویش ململانێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەتوانێت پەرەبستێنێتو ببێتە ڕوبەڕوبونەوەیەکی جیهانی، کە ترەمپ بەردەوام باسیدەکات".
هەروەک بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز، دوێنێ هەینی لەمیانی کۆڕبەندی ئابوریی لەسانت پترسبۆرگ، ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی ڕوسیا ڕایگەیاند، نیگەرانە لەوەی جیهان بەرەو جەنگی سێیهمى جیهانیی دەڕوات.
لەوەڵامی پرسیارێکی ڕۆژنامەنوساندا کە ئایا هەستیکردوە جیهان بەرەو جەنگی سێیهمى جیهانی دەڕوات، پوتین لەوەڵامدا وتی:"ئەوە جێگەی نیگەرانییە، من بەبێ هیچ گاڵتەیەک قسە دەکەم، بێگومان ئەگەرەکانی ئەم ململانێیە بەرچاونو ڕوو لەزیادبون دەکەن، ڕاست لەبەردەم چاوماندانو ڕاستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر ئێمە هەیە".
