سێ بەرپرسی ئەمریکا و سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ناوەندی بڕیاردانی وڵاتەکەیان بە پێگەی ئەکسیۆسیان ڕاگەیاندووە، پلانەکەی ئەمریکا و تورکیا بۆ ڕاکێشانی ئێران بۆسەر مێزی دانوستان شکستیهێناوە.
ئەکسیۆس دەڵێت، تەنانەت ترەمپ پێشنیازی کردووە بەشێک بێت لە گفتوگۆکان تا بگەنە ڕێککەوتن لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران بۆ ئەوەی ئەمریکا نەبێتە بەشێک لە هێرشە سەربازییەکانی نێوان ئیسرائیل و ئێران، تەنانەت ئامادەبوو بچێتە ئەستەنبووڵ بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران.
بەپێی زانیاری پێگە ئەمریکییەکە، بڕیاربووە لە ئەم هەفتەیەدا کۆبوونەوەکەی ئەمریکا و ئێران لە شاری ئەستەنبووڵ بکرێت.
بە وتەی بەرپرسانی ئەمریکا ترەمپ و بەرپرسانی باڵای کۆشکی سپی کەمتر متمانەیان بەوە هەبووە لە ڕێگەی دیپلۆماسییەوە بتوانرێت دۆخەکە چارەسەر بکرێت، زیاتر بڕوایان بەوە هەیە کە ئەمریکا دەبێت بەشداری جەنگەکە بکات بۆ نەهێشتنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران.