دوای گورزە کەمەرشکێنەکەی ئەمریکا بۆ سەر ئێران: کاردانەوە بەرەو شەڕ دەڕوات یان ئاشتی؟

توێژینەوە و شیکاریی

22/06/2025‌ 199 جار خوێندراوه‌ته‌وه

کاوە نادر قادر
دوای گورزە سەربازییەکەی ئەم دواییەی ئەمریکا کە سێ بنکەی ئەتۆمی ئێرانی کردە ئامانج، گرژی و ئاڵۆزی لە ڕادەبەدەری ناوچەکەی زیاتر بەرز کردەوە. ئەم ڕووداوە تارمایی شەڕی سەرتاسەری هێناوەتە پێشەوە، لە نێوان پەرەسەندنی دەودەوانێ  و لێدوانی ئاگرین کە هیچ بوارێک بۆ عەقڵانیەت ناهێڵێتەوە.
وەڵامی ئێران خێرا و تووند بوو. حوسێن شەریعەتداری، راوێژکارێکی  ڕێبەری ئینقلابی ئیسلامی(علی خامنەئی) بە تۆنێکی هەڕەشەئامێز ڕایگەیاند: "وەک هەنگاوی یەکەم دەستبەجێ بۆردومانی کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا دەکەین لە بەحرەین، لە کاتێکدا گەرووی هورمز بە کراوەیی ناهێلینەوە بۆ کەشتییە ئەمریکی و بەریتانیاییەکان.... و ئەمریکییەکان بە سڤیل و سەربازەکانیانەوە لە هەر شوێنێک بن  دەیانکوژین".
ئەم لێدوانە هاوکات لەگەڵ لێدوانی هاوشێوە لە میدیاکانی ئێراندا، ڕەنگدانەوەی مەیلێکی مەترسیدارە بەرەو بێباکی و تۆڵەسەندنەوە، نەک کەڵک وەرگرتن لە کەناڵە سیاسی و دیپلۆماسییەکان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی دۆخەکە. هەروەها میدیاکانی ڕێژیم ڕایانگەیاندووە کە "هەموو کەسێکی مەدەنی یان سەربازی ئەمریکی لە ناوچەکەدا دەبێتە ئامانجێکی ڕەوا. دەبێت ترەمپ بزانێت کە شەڕەکە تازە دەستی پێکردووە". لە ژێر ڕۆشنایی ئەم پەرەسەندنەدا، ئێران  پێویستی بە گوتارێکی عەقڵانی زیاترە. عەقڵیەتێک کە بەبێ حیساباتی واقیعی پەلە بکات بۆ ئەوپەڕی ڕووبەڕووبوونەوە، تەنیا خزمەت بە بەرژەوەندیی نەیارەکانی  ئێران دەکات و وڵات دەکاتە بارمتەی کاردانەوە غەریزەییەکان کە دەتوانێت پێگە و ڕۆڵی ناوچەیی خۆی بەفیڕۆ بدات.
"خێمەی سەفوان"، بە هەموو واتا مێژووییە ئازاربەخشەکانییەوە، وەک بژاردەیەکی کەمتر تێچووی بەردەوام لە شەڕ و وێرانکاری ، هەبێ . لە شەڕێکی هەمەلایەنە ی تێکشکاو، بەڵکو دابەشبوون و داڕمان بەجێدەهێڵێت و دەتوانێت ئێران بەرەو چارەنووسێکی هاوشێوەی عێراق پاڵ بنێت،  لە کاتێکدا دەوڵەت لە ناوەوە هەڵوەشایتەوە، دروشمەکان وتاری ئاخوندەکان پڕ دەکەنەوە .
دوای هێرشەکانی ئەم دواییەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، دەبوایە سەرکردایەتی ئێران ڕووی لە وتووێژ بکات نەک پەرەسەندنی شەڕ. بەڵام ئێستا زمانی دەوڵەت و سنوورەکانی نێوان لۆژیکی سەروەری و لۆژیکی تۆڵەسەندنەوە دەستی بە کاڵبوونەوە کردووە. ئەم سەریەککەوتنە ئێران لە پێگەیەکی مەترسیداردا دادەنێت، نەک تەنها لە ڕووی سەربازییەوە، بەڵکو لە ڕووی وێنە و پێگەی وەک دەوڵەتێکی بەرپرسیار لە نەزمی ناوچەییدا. ئەو دروشمانەی دەسەڵاتداران بەرزیان کردۆتەوە- "تەسلیم نابین"، "ئیرادەمان ناشکێت"- تەنها نیگەرانی دەوروژێنێت، چونکە باجەکەی لە خوێنی بێتاوانەکان و لە داهاتووی گەللەکەیدا دەدرێت کە هەڕەشەی گۆشەگیری و گەمارۆدانی لەسەرە.
هێشتا کات ماوە. نەک بۆ تەسلیمبوون، بەڵکو بۆ ئەوەی کارەساتێک دووبارە نەبێتەوە کە گەلانی دیکە ئەزموونی کردوون. هەموو پاشەکشەیەک شکست نییە و هەموو پەرەسەندنێکیش قارەمانێتی نییە. قارەمانێتی ئەمڕۆ لە ڕزگارکردنی ئەو شتانەدایە کە دەتوانرێت ڕزگاری بکرێن.
٢٢ی حوزەیرانی ٢٠٢٥
هەولێر_ کوردستان