شارپرێس:
ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز ئاشکرایکردوە؛ لەدوای هێرشەکانی ئەمریکاوە بۆسەر ئێران لە 22ی ئەم مانگە، گروپە چەکدارەکانی نزیک لەئێران دەیانەوێت پەلاماری بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا، بەدیاریکراوی لەسوریاو عێراق، بدەن.
ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز لەزاری بەرپرسانی ئەمریکاوە بڵاویکردەوە، گروپە چەکدارەکانی لایەنگری ئێران خۆیان بۆ هێرشکردنەسەر بنکەکانی ئەمریکا لەعێراقو سوریا ئامادەدەکەن.
ڕۆژانەمەکە لەزاری بەرپرسانی ئەمریکاوه ئاشکرایکردوە، ئەم گروپانە لەنێویاندا کەتایبى حزبوڵڵاو بەرەی مقاوەمە لەعێراق، پلانی ئۆپەراسیۆنیان هەیە بۆ هێرشکردن بەموشەکو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆسەر بنکەکانی ئەمریکا لەعێراق.
بهگوێرهى هەواڵێکی واشنتۆن پۆست، بنکەی ئەمریکا لەعەین ئەسەد لەئەنبار بەیەکێک لەشوێنە هەرە لاوازەکان دادەنرێت، لەگەڵ بنکەکانی لەقەتەر، بەحرەین، کوەیت، ئیماراتو لەوانەیە سوریاش.
ئەم هەنگاوانە لەوەڵامی هێرشەکانی ئەمدواییەی ئەمریکادا دێت کە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێرانی کردە ئامانج، ئەمەش وایکرد بەرپرسانی واشنتۆن ئاستی هۆشیاریی لەناوچەکەدا بۆ ئاستێکی بەرز بەرزبکەنەوەو ئەگەری هەیە هێرشی پێچەوانە وەک ڕێگرییەک دەستپێبکەن.
بەرەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا هەرسێ بنکەی ئەتۆمیی (فۆردۆ، نەتەنزو ئەسفەهان)یان لەناوخۆی ئێران بۆردومانکرد.
