دوای هێرشەکەی ئەمریکا .. چی لەبەرنامەی ئەتۆمیی ئێران ماوە؟

جیهان

24/06/2025‌ 4531 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران لەوکاتەوەی تاران دەستیکردوە بەپیتاندنی یۆرانیۆم تائاستێکی گونجاو بۆ دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی، تەحەددایەکی بەردەوامبوە، ئەمەش وایکردوە واشنتۆن هێرشی ئاسمانیی‌و موشەکی بکاتەسەر دیارترین دامەزراوە ئەتۆمییەکانی کە بریتین لەفۆردو، نەتەنزو ئه‌سفەهان.


بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، کەپشتی بەڕاپۆرتێکی ئیدارەی ترەمپ بەستوە، هێرشەکان ڕاستەوخۆ ژێرخانی ئەتۆمی ئێرانیان کردوه‌تە ئامانج‌و زیانی بەرفراوانی لێکەوتەوە کە پێدەچێت بەرنامەکە بۆ ساڵانێک دوابخات.

بەڵام ئەمریکاو ئیسرائیل پێیانوایە، ڕەنگە ڕوبەڕوبونەوە لەگەڵ ئێران بەردەوامبێت، بەتایبەتی ئەگەر ئێرانییەکان توانیبێتیان بەر لەهێرشەکان بڕێک کەرەستەو یۆرانیۆمی زۆر پیتێنراویان گواستبێتەوە، کە ئەوەش لەلایەن چەندین سەرچاوەی ئێرانییەوە پشتراستکراوەتەوە.

لەوبارەیەوە ژەنەڕاڵ دان کین سەرۆکی ئەرکانی هاوبەشی سوپای ئەمریکا، دوپاتیکردوه‌تەوە کە هێرشەکە بۆ دابەزاندنی توانا ئەتۆمییەکانی ئێران بوە، بەڵام هێشتا هەڵسەنگاندنی زیانەکان بەردەوامە بۆ دیاریکردنی ڕادەی ئەو توانایانەی ئێران لەوبوارەدا ماویەتییەوە.

جێگری سەرۆک کۆمار جەی دی ڤانس بەکەناڵی ئێن بی سی نیوزی وتوە، هێرشەکە یەکلاکەرەوە بوەو پێیوایە، ساڵانێکی زۆر زۆر دەخایەنێت تا ئێرانییەکان بتوانن جارێکی دیکە چەکی ئەتۆمیی دروستبکەنەوە.

ژمارەیەک لەشارەزایان تیشکیانخستوەتە سەر بەردەوامی گومانەکان سەبارەت بەدۆخی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران لەدوای هێرشەکانی ئەمدواییەی ئەمریکاو ئیسرائیل‌و پێیانوایە کە ئەو مەترسییە بەتەواوی نەهێڵراوەو ڕەنگە واشنتۆن‌و تەلئەبیب بۆ ساڵانی داهاتوو پێویست بێت چاودێری ئێران بکەن بۆ ئەوەی دڵنیابن لەوەی کە بەرنامەکە ئاوەدان نەکاتەوە.

ڕیچارد نیفیو دانوستانکاری پێشوی ئەمریکا لەسەردەمی ئیدارەکانی ئۆباماو بایدن ڕونیکردەوە، ڕەنگە سانتریفیوژەکانی دامەزراوەکانی ناتانزو فۆردۆ لەناوببرێن، بەڵام دڵنیانییە کە ئایا هەمویان لابراون یان نا، هەروەها نازانرێت ئایا تاران کۆگای یۆرانیۆمی پیتێنراوی خۆی شاردوه‌تەوە یان نا.

به‌گوێرى ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، ئێران خاوەنی زانیارییەکی تەکنیکی بەرفراوانە کە ناتوانرێت لەڕوی سەربازییەوە لەناوببرێت.

دانا سترۆل یاریدەردەری وەزیری بەرگریی ئەمریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسەردەمی ئیدارەی بایدن پێیوایە، هیچ چارەسەرێکی سەربازی یەکلاکەرەوە بۆ بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران لەئارادانییە.

لەکاتێکدا هەندێک لەشرۆڤەکاران لەسەرئەوە کۆکن کە دوبارە بنیاتنانەوەی توانا ئەتۆمییەکانی ئێران مومکینە، بەڵام لەژێر چاودێریی هەواڵگریی تونددا، ڕێکخستنەوەی زنجیرەی دابینکردن‌و ئامێرەکان لەڕادەبەدەر قورس دەبێت.

ئاكۆ ئاڵى