شارپرێس:
ڕاگەیاندنی ئاگربەسی نێوان ئێرانو ئیسرائیل، بوە هۆی دابەزینی نرخی نەوتو کەمکردنەوەی نیگەرانییەکان لەبارەی تێکچونی دابینکردنی نەوت لەناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە بەرهەمهێنەری سەرەکیی نەوتە.
دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، "ئێرانو ئیسرائیل گەیشتونەتە ڕێککەوتنێکی ئاگربەست، نرخی جۆرەکانی نەوت لەمامەڵەکاندا بەخێرایی دابەزییو گەیشتە نزمترین ئاست لەماوەی زیاتر لەهەفتەیەکدا".
بهگوێرهى داتاکانی ئاژانسی ڕۆیتەرز، گرێبەستە دواخراوەکانی نەوتی خاوی برێنت تا بهرهبهیانى ئهمڕۆ، بڕی 2.08 دۆلار واتا بەڕێژەی 2.9% دابەزیو گەیشتە 69.40 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.
هەروەها، نرخی نەوتی خاوی ڕۆژئاوای تێکساسی ئەمریکی بڕی 2.03 دۆلار واتا بەڕێژەی 3.0% دابەزیو گەیشتە 66.48 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.
دوێنێ دوشەممە، ترەمپ ڕایگەیاند، ئیسرائیلو ئێران بەتەواوەتی لەسەر ئاگربەستێک ڕێککەوتون، ئەگەر هەردولا پابەندی کاتە دیاریکراوەکان بن، ئەوا جەنگەکە بەفەرمی دوای 24 کاتژمێر کۆتایی دێتو بەمەش کۆتایی بەو ململانێیە دێت کە 12 ڕۆژی خایاند.
پریانکا ساشدێڤا شیکەرەوەی باڵای بازاڕ لەکۆمپانیای فیلیپ نۆڤا وتویهتى، "ئەگەر هەردولا وەک ڕاگەیەندراوە پابەندی ئاگربەستەکەبن، ئەوا لەوانەیە وەبەرهێنەران چاوەڕێی گەڕانەوەی نرخەکانی نەوت بکەن بۆ دۆخی ئاسایی خۆیان".
وتیشی:"لەداهاتودا، ڕادەی پابەندبونی ئیسرائیلو ئێران بەبڕگەکانی ئاگربەستە ڕاگەیەندراوەکە، ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لەدیاریکردنی نرخی نەوتدا".
ئێران سێیەم گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوتی خاوە لەڕێکخراوی ئۆپیکداو کەمکردنەوەی گرژییەکان ڕێگە خۆشدەکات بۆ ئەوەی نەوتی زیاتر هەناردە بکاتو ڕێگریی لەتێکچون بکات کە ئەمەش هۆکارێکی سەرەکی بوو بۆ بەرزبونەوەی نرخەکانی نەوت لەڕۆژانی ڕابردودا.
نرخەکانی نەوت لەکۆتایی مامەڵەکانی ڕۆژی پێشودا بە ڕێژەی زیاتر لە 7٪ دابەزین، ئەمەش دوای ئەوەهات کە بەرزبونەوەیەکی بەرچاویان بەخۆوە بینیبوو گەیشتبونە بەرزترین ئاستیان لەماوەی پێنج مانگدا، بەهۆی ئەو هێرشەی ئەمریکا کە لەسەرەتای هەفتەدا کرایەسەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێرانو نیگەرانیی لەبارەی فراوانبونی ململانێی نێوان ئیسرائیلو ئێران دروستکردبوو.
