شارپرێس:
ئێران ڕەتیدەکاتەوە هیچ موشەکێكیان ئاراستەی ئیسرائیل کردبێت دوای ئەوەی ئاگربەستەکە کەوتوەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
تەلەفزیۆنی فەرمى ئێرانی لەزارى بەرپرسانى ئەو وڵاتەوە ڕایگەیاندوە، "ئەو هەواڵانەی باس لەئاڕاستەی موشەک لەئێرانەوە دەکەن لەدوای ئاگربەستەکە درۆیەو ڕەتیدەکەینەوە".
ئیسرائیل، دوای ئەوەی بەرەبەیانی ئهمڕۆ سێشەممە ئاگربەست کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، تارانی تۆمەتبارکرد بەوەی دوو موشەکیان لێداوەو بەرپرسانی ئیسرائیلیش بەوەڵامدانەوەی توند هەڕەشەیان لەتاران کرد.
کەناڵی 12ی ئیسرائیل لەزاری سەرچاوەیەکی سیاسی لەنوسینگەی بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بڵاویکردەوە، ئێران ئاگربەستی پێشێلکردوەو باجەکەی دەدات.
لاى خۆیەوە یسرائیل کاتز وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ڕایگەیاند، فەرمانیکردوە بەهێزی ئاسمانی وڵاتەکەى کە وەڵامێکى توندو بەهێزى پێشێلکردنی ئاگربەستی ئێران بدەنەوە، لەڕێگەی هێرشی توند بۆ سەر ئامانجەکانی ڕژێم لەدڵی تاراندا.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، لەکاردانەوەى هەڵدانی موشەکێک لەلایەن ئێرانەوە بۆ ئیسرائیل کە پێشێلکردنی ئەو ئاگربەستەیە سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاندبوو.
ئەم هێرشانەش بەهەماهەنگی لەگەڵ سەرۆک وەزیرانەو درێژەدانە بەو چالاکیانەی دوێنێ ئەنجامدراوە، فەرمانی درێژەدان بەهێرشەکانی دژ بەژێرخانی ڕژێمى ئێران لەتاراندا.
سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، دواى نزیکەى چوار کاتژمێر لەئاگربەست، خەریکی بەرپەرچدانەوەی موشەکێکى ئێرانە.
لەلایەکى دیکەوە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران ڕایدەگەیەنێت، "ئێمە دوژمنمان ناچارکرد کە تەوبە بکاتو دان بەشکستدابنێتو دەستدرێژیەکانی تاکلایەنە ڕابگرێت".
دەڵێت:"هێزە چەکدارەکانمان ئامادەن وەڵامی یەکلاکەرەوەو بەئازارانە بدەنەوە بەرامبەر هەر کارێکی دوژمنکارانە لەلایەن دوژمنەوە".
