شارپرێس:
ڕۆژنامەی (زە تێلێگراف)ی بەریتانی لەسەر زاری شارەزایەکی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێرانەوە ئاشکرایکردوە، ئێران سەدان یان تەنانەت هەزاران سانتریفیوجی پێشکەوتوو لەشوێنە نهێنییەکان دەپارێزێت، بەشێوەیەک ئەم ئامێرانە توانای بەرهەمهێنانی یۆرانیۆمی پیتێنراویان بۆ ئامانجی سەربازیی هەیە.
ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردوە، بەشێکی زۆری یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران پێش هێرشەکانی ئەمدواییەی ئەمریکا بۆسەر شوێنەکانی فۆردۆو نەتەنزو ئهسفەهان گواستراوەتەوە بۆ شوێنە نهێنییەکان.
ئەو پسپۆڕە ئەتۆمییە ئێرانییە ڕایگەیاندوە، "ڕەنگە ئێستا نەتوانن جوڵە بکەن، بەڵام هەموو ئەو ئامرازانەیان لەبەردەستدایە کە پێویستن بۆ دروستکردنی بۆمبێک لەداهاتودا".
هەروەک ئاماژەی بەوەداوە، ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمیی لەچوار ساڵی ڕابردودا سەردانی دامەزراوە گەورەکانی ئێرانی نەکردوەو پێدەچێت ئێران شوێنە نهێنییەکانی دیکە بپارێزێت.
تەلەگراف لەڕاپۆرتەکەیدا دەڵێت، "بەپشتبەستن بەهەڵسەنگاندنی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمیی، ئێران خاوەنی لانیکەم 400 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێنراوی لەسەدا 60یە، ئەگەر پیتاندنی بۆ 90 لەسەد، بەسە بۆ دروستکردنی نۆ بۆ 10 بۆمبی ئەتۆمی".
