ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ تاران ئاهه‌نگ سازده‌كات

جیهان

24/06/2025‌ 3142 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەگۆڕەپانی ئینقلابی تاران بۆ پشتیوانیی هێزە چەکدارەکان‌و ئۆپەراسیۆنی "بەشارەتی فەتح" ئاهەنگی سەرکەوتن سازدەکرێت.


کەناڵی تەلەفزیۆنی فەرمیی ئێران لەتۆڕی کۆمەڵایەتیی 'تێلیگرام' بڵاویکردوەتەوە، کاتژمێر 6ى ئێوارەی ئەمڕۆ لەگۆڕەپانی ئینقلاب، بۆ پشتیوانیی هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەو ئۆپەراسیۆنی "بەشارەتی فەتح" گردبونەوەیەکی فراوانی جەماوەریی‌و ئاهەنگ بەڕێوەدەچێت.

کەناڵەکە بڵاویکردوەتەوە، "لەم بارودۆخە هەستیارەدا، پشتیوانییەکانی هاوڵاتییان بۆ هێزە چەکدارەکان پەیامێکی ڕون‌و ڕاشکاوە ئاراستەی دوژمنان دەکرێت، کە ئێمە نەتەوەی ئیمام حوسێنین‌و ئێران هەردەم بەسەرکەوتویی دەمێنێتەوە".

داواشی لەدانیشتوانی تاران کردوە بەدەم بانگەوازەکەوە بچن‌و بەفراوانی پشتیوانیی لەهێزە چەکدارەکانی ئێران‌و ئۆپەراسیۆنی "بەشارەتی فەتح" بکەن.

ئێوارەی دوێنێ دوشەممە، سوپای پاسدارانی ئێران بەهەڵدانی 14 موشەک بەئاراستەی عودەیدی قەتەر، ئۆپەراسیۆنی "بەشارەتی فەتح"ی دژی هێزەکانی ئەمریکا جێبەجێکرد، وەک وەڵامدانەوەیەک بەرامبەر بەبۆمبارانکردنی هەرسێ دامەزراوەی ئەتۆمی فۆردۆ، نەتەنزو ئه‌سفەهان لەلایەن هێزی ئاسمانیی ئەمریکا.

لەدوای هێرشەکانی 13ی ئەم مانگە ئیسرائیل بۆسەر ئێران، پاش جەنگێکی 12 ڕۆژە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، ئاگربەستی جەنگ ڕاگەیەنرا.