شارپرێس:
محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە ڕایگەیاند، عێراق هەرگیز لە پێگەی لاوازیدا نەبووە و نابێت. دووپاتیشی کردەوە عێراق پێشتر ڕووبەڕووی تیرۆر بووەتەوە و شکستی پێهێناوە و سەرکەوتوو بووە لە بەرپەرچدانەوەی هەڕەشەکان و ڕزگارکردنی گەلەکەی لە کارەساتەکانی شەڕ.
ئەم لێدوانەی سودانی لە میانەی سەرۆکایەتیکردنی کۆبوونەوەی حکومەت بوو، جەختی لەوەش کردەوە کە "نابێت هیچ کارێکی ناوخۆیی و دەرەکی زیان بە ئاسایش بگەیەنێت، و بە پتەویی و بەهێزەوە ڕووبەڕووی دەبینەوە".
ئاماژەی بەوەشکرد، "ئێمە مامەڵەمان لەگەڵ ڕووداوەکان کردووە بە شێوەیەک کە بەرژەوەندییەکانی گەلی عێراق لە پێشینەی کارەکاندا بێت، ئەمەش هەڵوێستی خوازراوە، هەموو هەڵوێستەکانی هێزە سیاسییە نیشتمانییەکان، دامەزراوەکان، و سەرۆکایەتییەکان بەرز دەنرخێنین کە پشتیوانییان لە سیاسەتەکانی حکومەت کردووە لە مامەڵەکردن لەگەڵ ڕووداوەکانی ئەم دواییەی ناوچەکەدا".
سودانی لە درێژەی قسەکانیدا، دەڵێت "ئێمە بە ئیدانەکردن و ڕەتکردنەوەی دەستدرێژی ئیسرائیل بۆ سەر کۆماری ئیسلامی ئێران و هەوڵی بە ئەنقەست تێکدانی ئاسایش و ئارامیی ناوچەکە، هەڵوێستی عێراقمان دووپات کردووەتەوە".
ناوبراو ڕایگەیاند "ئیسرائیل بۆ فراوانکردنی ململانێکان بیانووی شکستخواردووی بەکارهێناوە، لەکاتێکدا ڕیشەی کێشەکە لە پشتگوێخستنی مافەکانی فەلەستینییەکاندایە. هیوادارین ڕێککەوتنی ئاگربەست بەهێز بێت".
ئ.ه
