ڕێورەسمی بەخاکسپاردنی فەرماندە باڵا كوژراوه‌کانی ئێران بەڕێوەدەچێت

جیهان

25/06/2025‌ 3811 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

به‌گوێره‌ى ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی ئیرنا، کاتژمێر 8ی بەیانی ڕۆژى شه‌ممه‌ى داهاتوو بەکاتی تاران، ڕێورەسمی بەخاکپساردنی فەرماندە باڵا سەربازیی‌و زانا ئەتۆمییەکان کوژراوەکانی ئەو وڵاتە بەڕێوەدەچێت.


بەگوێرەی ئاژانسەکە، ئێران ئامادەکاریی دەکات بۆ بەڕێوەچونی ڕێوەرەسمێکی بەخاکسپاردنی ڕەسمیی سەرلەبەیانی ڕۆژی شەممە لەتاران بۆ ئەو فەرماندە باڵا سەربازیی‌و زانا ئەتۆمیانەی کە لەشەڕی 12 ڕۆژەی لەگەڵ ئیسرائیل کوژراون.

هەروەک سبه‌ینێ پێنجشەممە لەناوەڕاستی ئەو وڵاتە، پرسەیەکی تایبەت بۆ حوسێن سەلامی فەرماندەی سوپای پاسداران بەڕێوەدەچێت کە لەیەکەم ڕۆژی شەڕەکەدا کوژرا.

ڕۆژی سێشەممە ئاگربەستی نێوان ئێران‌و ئیسرائیل لەژێر گوشاری دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا دەستیپێکرد کە هەردولای سەرزەنشت کرد بەهۆی پابەندنەبونیان بەئاگربەستەکەوە، ئەمەش ئومێدی کۆتاییهێنانی توندوتیژترین ڕوبەڕوبونەوەی نێوان هەردولای بەرزکردەوە.