شارپرێس:
له‌و 12 ڕۆژه‌ی ئێران له‌ژێر شه‌پۆلی هێرشه ئاسمانییه‌كانی ئیسرائیل‌دا بوو، زیانێكی زۆری گیانی به‌فه‌رمانده‌و به‌رپرسانی سوپای پاسداران كه‌وت، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه جه‌نگ له 24ی مانگه‌وه وه‌ستاوه، كه‌چی هه‌موو ڕۆژێك كوژرانی ژماره‌یه‌كی نوێی فه‌رمانده‌ی سوپای پاسداران ڕاده‌گه‌یه‌نرێت.
له‌ڕۆژانی هێرشی ئیسرائیل‌دا زیاتر كوژرانی ئه‌و فه‌رماندانه پشتڕاستكرایه‌وه كه ناسراوبون، به‌ڵام وا دیاره ده‌یان فه‌رمانده‌ی تر كوژراون كه له‌پۆستی باڵای سه‌ربازیدا بون، به‌ڵام لای خه‌ڵك كه‌متر ناسراون.
به‌گوێره‌ى نوێترین زانیاریی میدیاكانی ئێران كه ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه بڵاوكراوه‌ته‌وه، كوژرانی نۆ فه‌رمانده‌و ئه‌ندامی سوپای پاسداران راگه‌یه‌نرا كه له‌هێرشی فڕۆكه‌كانی ئیسرائیل بۆ سه‌ر ناوه‌ندی سوپای سه‌یدولشوهه‌دای پارێزگای تاران كرابونه ئامانج.
له‌وانه ئاماژه به‌ناوی حه‌سه‌ن خانساری، سوهێل ڕۆسته‌میان، سیروس مورادی، سه‌عید ئه‌سلانی كراوه كه به‌فه‌رمانده‌ی باڵا ناوبراون.
دوێنێ چوارشه‌ممه‌ش ئه‌وه ڕاگه‌یه‌نرا، ڕه‌مه‌زان عه‌لی چوبداری به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌كانی سوپای پاسداران له‌پارێزگای ئه‌لبورز، عه‌لی محه‌مه‌د ئه‌رده‌كانی ڕاوێژكاری ناوه‌ندی فه‌رمانده‌یی هێزی ئاسمانیی سوپای پاسداران له‌هێرشه‌كانی ئیسرائیل كوژراون.
به‌گوێره‌ى ئاماره فه‌رمییه‌كان، زیاتر له 600 كه‌س به‌هۆی هێرشه ئاسمانییه‌كانی ئیسرائیل كوژراون كه به‌شێكی به‌رچاویان له‌فه‌رمانده‌و به‌رپرسانی باڵا بون.
