شارپرێس:
دەزگای ئاسایشی هەرێم لەڕاگەیەندراوێکدا داوای لێبوردن لەو چالاکوانانە دەکات کە بەهۆی رێکخستنی خۆپیشاندانەوە دەستگیرکران و دەڵێت، لەپێناو پاراستنی سەلامەتی ئەوان دەستگیرمان کردون، دەشڵێت، پیلانگێریی هەبوو بۆ تێکدانی ئاسایشی شارەکە.
دەزگای ئاسایشی هەرێم ئاماژە بەوەدکات، پارێزگای سلێمانی هەمیشە مەڵبەندی ئازادیی رادەربڕین و ئازادیی خۆپیشاندان و ئازادیی کار و چالاکیی سیاسیی بووە و هێزە ئەمنییەکانی سلێمانیش شانازی بەوەوە دەکەن کە هەرگیز لە هیچ هەوڵێک درێخییان نەکردوە بۆ پاراستنی ئاسایشی خۆپیشاندانەکانی خەڵکی ناڕازی لە چین و توێژە جیاوازەکان.
ئەوەشخراوەتەڕوو، وەک لە راگەیەنراوی پێشووماندا ئاماژەمان پێدابوو لەم ماوەیەدا بەهۆی دۆخی ئەمنییەوە زەمینە لەبار نییە بۆ خۆپیشاندان، ئێستاش بۆ بەرچاوڕوونی زیاتر هاوڵاتییان و خەڵکی ناڕازی بەپێویستی دەزانین رایبگەیەنین لە رۆژانی رابردوودا بە وردی ئاگاداری پیلانێکی دەستێکی گێرەشێوێن بووین کە بەنیاز بوون خۆپیشاندانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی خۆشەویستی سلێمانی وەک دەرفەتێک بقۆزنەوە بۆ تێکدانی ئارامی و سەقامگیری پارێزگاکەمان و لەرێگەی گێرەشێوێنییەوە لەناو خۆپیشاندەران و داواکارانی هەق، مەرامە سیاسییەکانی خۆیان بەدی بهێنن.
دەزگای ئاسایش ڕایدەگەیەنێت، بۆ پوچەڵکردنەوەی ئەم پیلانگێڕییە، بە داخەوە ناچاربووین لە دوو رۆژی رابردوودا ژمارەیەک لە رێکخەرانی خۆپیشاندانەکان دەستگیر بکەین کە هیچ ئاگاداری پیلانگێڕییەکە نەبوون و ئامانجی ئێمەش لە دەستگیرکردنیان تەنها پاراستنی گیانی ئەوان و خۆپیشاندەران و خەڵکی ناڕازی بوو بۆ ئەوەی هیچ کەسێک نەبێتە قوربانی.
ئەوەشخراوەتەڕوو، لەم چوارچێوەیەشدا لەگەڵ ئەوەی هێزەکانی ئێمە زۆر بەڕێزەوە مامەڵەیان لەگەڵ دەستگیرکراوەکاندا کردوە، بەڵام بە پێویستی دەزانین داوای لێبوردنیان لێ بکەین و دڵنیایان بکەینەوە کە ئەم هەوڵەمان تەنها بۆ پاراستنی خۆیان بووە و پاراستنی ئارامی شار.
لەڕاگەیەنراوەکەدا ئەوەش هاتوە،" هاوڵاتییانی بەڕێزیش ئاگادار دەکەینەوە کە ئەندامانی هێزە ئەمنییەکانیش وەک هەموو موچەخۆرانی بەڕێز ناڕازین لە دواکەوتن و نەناردنی موچە و دەنگی خۆیان دەخەنە پاڵ هەموو دەنگە ناڕازییەکان، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەرکی هێزە ئەمنییەکان پاراستنی ئارامی و سەقامگیری و ژیانی هاوڵاتییانە و بە دڵنیاییەوە لەم بوارەشدا لە هیچ هەوڵێک درێخی ناکەین، جارێکی دیکەش هەموو لایەک دڵنیا دەکەینەوە کە سلێمانی وەک هەمیشە مەڵبەندی ئازادییەکان دەمێنێتەوە و هێزە ئەمنییەکانیش پارێزەری ئازادی و سەربەستی هاوڵاتییانن ".
