شارپرێس:
سەرچاوەیەکی سیاسیی ئیسرائیلی نیگەرانیی تەلئەبیبی لە نزیکبوونەوەی
ڕێککەوتنی نێوان ئەمریکا و ئێران سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمی ئێران ئاشکراکردووە و
ئاماژەی بەوەکردووە کە ڕێککەوتنێکی لەو شێوەیە ئازادیی کردەوەی سەربازیی ئیسرائیل
لە دژی ئێران بەرتەسک دەکاتەوە.
بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە، ئیسرائیل پێی باشە بە ڕاگەیاندنی
ئاگربەستی ئێستا ڕازی بێت، بەو پێیەی هیچ سنوورێک بۆ کارەکانی دانانێت و ڕێگەی پێدەدات
بەردەوام بێت لە بەئامانجگرتنی هەر پێشێلکارییەکی ئێرانی.
ئەو سەرچاوەیە دووپاتی کردۆتەوە کە ئیسرائیل بەردەوام دەبێت
لە دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنە هەواڵگرییەکان و هێرشە ئەلیکترۆنییەکان بۆ سەر ئەو دامەزراوە
ئەتۆمییانەی ئێران کە ماونەتەوە.
ئەوەش هاتووە: هەروەک تەلئەبیب نیگەرانە لەوەی تاران وەک
کاردانەوەیەک بەرانبەر بە جەنگی نێوانیان بڕیار لەسەر پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمیی
بدات، هەرچەندە ئیسرائیل بە فەرمی لەناوبردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانی ڕانەگەیاندووە، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ هاوئاهەنگی لەگەڵ لێدوانەکانی
سەرۆکی ئەمریکا، بەتایبەت دوای ڕاپۆرتێکی هەواڵگریی ئەمریکا کە لە کۆنگرێسەوە دزەپێکرابوو،
ڕایگەیاندبوو کە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران تەنیا چەند مانگێک دواخراوە.
ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی