جەنگی داهاتووی ئیسرائیل دژی کێ دەبێت؟

جیهان

27/06/2025‌ 2272 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەگوێرەی راپۆرتێکی کەناڵی RTی روسی، شەڕی 12 ڕۆژەی نێوان ئێران و ئیسرائیل تەنیا لاپەڕەیەکە لە شەڕێکی بەرفراوانتری ناوچەیی بە سەرۆکایەتی ئیسرائیل و هێشتا زووە بۆ ئەوەی حوکم لەسەر کۆتاییەکەی بدرێت بەبێ سەرکەوتنێکی یەکلاکەرەوە بۆ لایەنێک بەسەر لایەنێکی دیکەدا.

 
لەراپۆرتەکەدا هاتووە: ئەو شەڕانەی لە غەززە و لوبنان و سوریا سەریان هەڵدا و دواتر بۆ ئێرانیش تەشەنەی کرد، تەنیا سەرەتای زنجیرەیەکی درێژخایەنی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی بەیەکداچوون و  پێدەچێت هەردوولا ئامادەکاریی بکەن بۆ دەستپێکردنەوەی ڕووبەڕووبوونەوە لە چەند مانگی داهاتوودا.

ئەوەش هاتووە: پێدەچێت ئەم شەڕە درێژخایەن بێت، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی پەیوەندییەکەی بە ململانێی ئەمریکا و چینەوە، کە پێشبینی دەکرێت لاپەڕەی کۆتایی ئەم زنجیرە ململانێیە پێکبهێنێت و مژدەی کۆتایی هاتنی سیستەمی جیهانی کۆن بێت.

لەم قۆناغەدا هێشتا ئیسڕائیل دەرفەتی ئەوەی هەیە لە ناوخۆدا ئێران لاواز بکات بەبێ ئەوەی بەشداریی شەڕی ڕاستەوخۆ بکات، لە ڕێگەی گرژکردنی غەززە یان لوبنان، یان لە ڕێگەی لێدانی ئامانجدارەوە، وەک تیرۆرکردنی بەرپرسانی ئێران. ئەم جۆرە ئیستفزازکردنە دەتوانێت تاران ناچار بکات وەڵامی سەربازیی بداتەوە بۆ پاراستنی شکۆمەندی خۆی، ئەمەش دەبێتە هۆی کۆکردنەوەی پشتیوانییەکی فراوانتری ئەمریکا لە ئیسرائیل.

هەروەک دەڵێت: حکومەتی ئیسرائیل بە سەرۆکایەتیی ناتانیاهۆ لە پشتیوانیی ناوخۆیی بۆ درێژەدان بەم شەڕە ناوچەییە بەهرەمەندە. زۆر کەس پێیان وایە ئیسرائیل پەنجەرەیەکی کورتی دەرفەتی هەیە، ڕەنگە کۆتایی بێت، بۆ نەهێشتنی هەڕەشە ستراتیژییەکان، بەتایبەتی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران.

لەکۆتایی راپۆرتەکەدا هاتووە: بە پشتبەستن بەم واقیعە، پێدەچێت  پەرەسەندنی گرژییەکان لەهەریەک لەم بەرانەدا هەبێت: چڕکردنەوەی هەوڵی دەکردنی فەلەستینییەکان لە غەززە، لێدانی حزبوڵڵا، یان ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی دیار لە ناوخۆی ئێران، وەک هەمیشەش ئەم گۆڕانکاریانە بەشێوەیەکی کتوپڕ و چاوەڕواننەکراو ڕوودەدەن.

ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی