شارپرێس:
دیمیتری پێسکۆڤ وتەبێژی کرێملین هۆشداریدا لەوەی، مۆسکۆ دەتوانێت هەنگاوێکی خێرا بگرێتەبەر ئەگەر سیناریۆیەکی لەو شێوەیە بێتەدی، ئەمەش وەک کاردانەوەیەک بۆ پێشنیازی ئەمدواییەی ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا بۆ پێشکەشکردنی پاڵپشتی ئەتۆمی بۆ وڵاتانی ئەوروپا، لەنێویاندا سوید، بەوتەی پێسکۆف، ئەم هەنگاوە دەتوانێت هاوسەنگی ئەمنی لەئەوروپا بخاتە مەترسییەوە.
پێشنیازەكهى فەرەنسا لەکاتێکدایە، نیگەرانییەکان لەبارەی کەمکردنەوەی بەڵێننامە ئەمنییەکانی ئەمریکا لەئەوروپا پەرەیسەندوە، چاودێرانی سیاسیش پێیانوایە، پلانەکە زیاتر ڕێگریکردنە، بەڵام لەکەشوهەوای گرژیی ئێستادا، تەنانەت لێدوانی ڕەمزیش دەتوانێت لێکەوتەی ڕاستەقینەی هەبێت.
ڕوسیا ئەم هەڵوێستەی بەئیستفزازی ناوبردوەو جەختی لەوەکردوەتەوە، بەرگەی ئەگەری جێگیرکردنی چەکی ئەتۆمی لەسوید ناگرێت.
سوید تائێستا بەفەرمی وەڵامی ئەم هەڕەشانەی نەداوەتەوە، بەڵام هەندێک بازنەی سیاسی لەستۆکهۆڵم داوای پێداچونەوەی بەپەلە بەکاریگەرییە ئەمنییەکان کردوە، بەلەبەرچاوگرتنی ئەندامێتی ئەمدواییەی سوید لەناتۆو دۆخی ناسکی ئەمنی لەناوچەی باڵتیک، نیگەرانییەکان سەبارەت بەبڵاوبونەوەی گرژیی نێوان ڕوسیاو ڕۆژئاوا زیادیکردوەو ئەگەری پێشبڕکێی نوێی چەک لەباکوری ئەوروپا دورنییە.
ش ـ ع
