حه‌وت حزبى ڕۆژهه‌ڵاتى كوردستان كۆبونه‌وه‌یه‌كی به‌په‌له‌یان ئه‌نجامدا

کوردستان

27/06/2025‌ 1416 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:

حه‌وت حزبى ڕۆژهه‌ڵاتى كوردستان كۆبونه‌وه‌یه‌ك ئه‌نجامده‌ده‌ن‌و به‌رنامه‌یه‌كى هاوبه‌ش بۆ هه‌ر ئه‌گه‌رێك له‌ڕۆژهه‌ڵات‌و ئێران داده‌نێن.

به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیاریانه‌ى ده‌ست شارپرێس كه‌وتون، حه‌وت حزبى ڕۆژهه‌ڵاتى كوردستان لەئاستی ڕێبەرانی باڵادا کۆبونەوەیەکیان ئەنجامداوه‌ بۆ تاووتوێکردن‌و ئاڵوگۆڕی بیروڕا سەبارەت بەدوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە، بارودۆخی ناوخۆی ئێران‌و بارودۆخی کورد لەو چوارچێوەیەدا.

کۆبوونەوەکە بەیەکەم هەنگاوی لێکتێگەیشتنی سیاسیی‌و پەرەپێدانی میکانیزمی هاوکاری هاوبەش دادەنرێت.

شارپرێس زانیویه‌تى، له‌و كۆبونه‌وه‌یه‌دا بەشداربوان شیکارییەکی قوڵیان بۆ دۆخی ئێستای ئێران‌و ڕۆژهەڵاتی کوردستان کردوه‌و جەختیانكردوه‌ته‌وه‌، "ئاڵۆزییە سیاسی‌و ئەمنییەکان لەناوچەکەدا پێویستی بەگرتنەبەری هەڵوێستی هاوئاهەنگ‌و یەکگرتوو هەیە، بۆیه‌ دامەزراندنی بەرەیەکی هاوبەش بۆ درێژەدان بەگفتوگۆو بڕیارەکانی داهاتوو بڕیارى له‌باره‌وه‌ دراوه‌".

ئه‌وه‌ش زانراوه‌، یەکێک لەو تەوەرە سەرەکییانەی باسکراوه‌، ئامادەکردنی ڕەشنوسێک بوه‌ بۆ بەڵگەنامەیەکی هاوکاریی کە بتوانێت ببێتە بنەمایەک بۆ یەکڕیزیی سیاسی حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان‌و هەروەها پێشنیازکراوه‌ بۆ دامەزراندنی ناوەندێکی هەماهەنگی بۆ وەرگرتنی ئەرکی بەدواداچون بۆ ڕێککەوتنەکان‌و چاودێریکردنی پرۆسەی گفتوگۆکان.

شارپرێس ئه‌وه‌شى وانیوه‌، هەرچەندە لەنێوان لایەنە جیاوازەکاندا جیاوازی بیروڕا هەیە، بەڵام کەشوهەوای گشتیی کۆبونەوەکە بەئەرێنی‌و بونیادنەر وەسفکراوه‌، بەشداربوانیش جەختیان لەبەردەوامبونی كۆبونه‌وه‌كانیان كردوه‌ته‌وه‌و بڕیاریانداوه‌ لەئایندەیەکی نزیکدا کۆبونەوەیەکی دیکە ئەنجامبدەن بۆ زیاتر ڕونکردنەوەو کاراکردنی وردەکارییەکانی هاوکاریى نێوانیان.

حزبه‌كانیش بریتین له‌(پارتى ژیانى ئازادى كوردستان (پژاك)، حزبى دیموكراتى كوردستانى ئێران، پارتى ئازادى كوردستان، كۆمه‌ڵه‌ى زه‌حمه‌تكێشانى كوردستانى ئێران، سازمانى خه‌بات، كۆمه‌ڵه‌ى كۆمۆنیسى ئێران‌و كۆمه‌ڵه‌ى ڕه‌نجده‌رانى كوردستان).

ش ـ ع