سلێمانی باوەش بۆ یەکەم دیداری کوردناسی دەکاتەوە

هەمەڕەنگ

23/09/2025‌ 186 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

یەکەم دیداری کوردناسی لە سلێمانی بەرێوەدەچێت و کۆمەڵێک چالاکی ئەدەبی و ئەکادیمی و هونەریی پێشکەش دەکرێت.


ناوەندی کەشکۆڵ بۆ هونەر و کلتوور لە زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی، ڕۆژانی ٢٥ تا ٢٧ـی سێپتەمبەری ٢٠٢٥ یەکەمین دیداری کوردناسی لەناو زانکۆکە ڕێک دەخات.

یەکێک لە ڕێکخەرانی دیدارەکە لە زانکۆی ئەمریکی بە شارپرێسی ڕاگەیاند "ئەکادیمیست و توێژەر و هونەرمەندان لە هەر چوار پارچەی کوردستان و سەرانسەری دنیاوە دەبنە میوانی ئەم دیدارە سێ ڕۆژییە و شەنوکەوی بواری کوردناسی دەکەن".

وێڕای گفتوگۆ و وتووێژ لەبارەی کوردناسییەوە، چەند پێشانگایەکی شێوەکاری و کۆنسێرتی موزیک و گۆرانی پێشکەش دەکرێن.

ڕێکخەرەکەی دیدارەکە وتیشی "هەروەها پێشانگایەکی کتێب بۆ خستنەڕووی نوێترین بەرهەمە ئەکادیمی و ئەدەبییەکان بە چەندین زمانی جیاواز دەکرێتەوە".

ناوەندی کەشکۆڵ بۆ هونەر و کلتور لە زانکۆی ئەمریکی ماوەی زیاتر لە ١٠ ساڵە کاری بەردەوام دەکات بۆ گرنگیدان بە بواری زمان و کلتور و ئەدەبی کوردی و ئەم دیدارە وەک یەکەم دیداری خۆی دەناسێنێت و بەرپرسی ناوەندەکە بە شارپرێسی وت ئامانجمانە لە ڕێگەی ئەم دیدارەوە کارێک بکەین کە بۆ وەرگرتنی زانیاری و ساغکردنەوەی هەر بابەتێک لەبارەی نەتەوەی کوردەوە ئیدی لەبری ئەوەی پەنا ببرێتە بەر سەرچاوەی بێگانە، لە ڕێگەی ئەم جۆرە ناوەند و دیدار و داتایانەوە زانیارییەکان ساغ بکرێنەوە.