له‌پیرمام مه‌سعود بارزانى‌و بافڵ تاڵەبانی كۆبونه‌وه‌

کوردستان

27/09/2025‌ 7188 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەگوێرەی زانیارییەکانی میدیاى نزیك له‌پارتى‌و یه‌كێتیى، بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان گه‌یشته‌ پیرمام‌و له‌گه‌ڵ مه‌سعود بارزانى كۆبونه‌وه‌یان ئه‌نجامدا، سه‌رچاوه‌كان ده‌ڵێن، "بارزانى‌و تاڵه‌بانى سه‌باره‌ت به‌بارودۆخی هەرێم‌و عێراق‌و ناوچەکە گفتوگۆیان كردوه‌و پێكهێنانى كابینه‌ى نوێى حكومه‌ت‌و كاراكردنه‌وه‌ى په‌رله‌مانیش ته‌وه‌رى سه‌ره‌كیى گفتوگۆكان بون".


میدیاى پارتى‌و یه‌كێتیى ئاشكرایانكردوه‌، ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌، له‌هاوینه‌هه‌وارى پیرمام، مه‌سعود بارزانى سه‌رۆكى پارتى دیموكراتى كوردستان پێشوازیكردوه‌ له‌بافڵ تاڵه‌بانى سه‌رۆكى یه‌كێتیى نیشتمانى كوردستان.

به‌گوێره‌ى زانیارییه‌كان، بڕیاروایه‌، كه‌مێكى دیكه‌ باره‌گاى بارزانى ڕاگه‌یه‌نراوێكى فه‌رمى سه‌باره‌ت به‌ناوه‌ڕۆكى کۆبونەوەکە بڵاوبكاته‌وه‌.

باس له‌وه‌شده‌كرێت، له‌كۆبونه‌وه‌كه‌ى ئه‌مڕۆى بارزانى‌و تاڵه‌بانیدا باسى بارودۆخى ئه‌مڕۆى هه‌رێم‌و پێكهێنانى كابینه‌ى نوێى حكومه‌تى هه‌رێم‌و كاراكردنه‌وه‌ى په‌رله‌مانى كوردستان كراوه‌.

هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ش زانراوه‌، پرسى نزیكبونه‌وه‌ى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى عێراق ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى كۆبونه‌وه‌كه‌ى بارزانى‌و تاڵه‌بانى بوه‌.

له‌دواى ڕوداوه‌كانى لاله‌زار له‌22ى مانگى ڕابردوو، په‌یوه‌ندییه‌كانى نێوان پارتى‌و یه‌كێتیى چونه‌ قۆناغێكى دژواره‌وه‌و زۆرینه‌ى په‌یوه‌ندییه‌ سیاسییه‌كان‌و گفتوگۆكانیان ڕاوه‌ستان.