سەرکردەیەکی کورد: حکومەتی ئێستای سوریا توندڕەوەو نابێتە دیموکراسی

کوردستان

06/10/2025‌ 766 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:

محەمەد موسا ئەمینداری گشتیی پارتی چەپی کورد لە سوریا ڕایگەیاند، گەلی سوریا باجی زیاتر لە ٥٥ ساڵ سیستمێکی مەرکەزی داوە کە لەلایەن هەردوو ئەسەدی باوک و کوڕەوە سەپێنراوە، لە هەموو ڕووەکانەوە نەتەوەکان لەناو ئەم ڕژێمەدا سەرکوتکراون.

محەمەد موسا لەلێدوانێکدا دەڵێت، سیستمی ناوەندگەرایی لە سوریا و ناوچەکە بە گشتی شکستی کردەیی خۆی سەلماندووە و نەیتوانیوە خواستەکانی گەلان و نەتەوەکان بەدیبهێنێت. 

وتیشی: "ئەم ڕژێمانە بە ئیرادەی گەلانی ناوچەکە دانەمەزراون، بەڵکو بە کۆدەنگی نێودەوڵەتی دامەزراون".

موسا پێی وابوو ئەگەر حکومەتی کاتی لە دیمەشق بیەوێت بە یەک ڕەنگ و یەک زمان و یەک کولتورەوە ئیدارەی سوریا بکات، ئەوا ناتوانێت خواستەکانی ئەو پێکهاتانە بە بەدیبێنێت، بەتایبەت کورد کە یەکێک لە دوو گەورەترین نەتەوەی سوریا پێکدەهێنێت.

موسا وتی، "وەک پارتی چەپی کورد لە سوریا دەڵێین دەوڵەتی ناوەندی بە هەموو هەمەچەشنییەکەیەوە توانای بەڕێوەبردنی سوریای نەماوە، بەڵکو دەبێت سیستەمێکی سیاسی لامەرکەزی و فیدراڵی هەبێت".

ئاماژەی بەوەشکرد، "ئێمە بە ئاشکرا دەڵێین حکومەتی ئێستا  نابێتە دیموکراسی و فرەیی قبوڵ ناکات، بەڵکو لەسەر بنەمای تائیفی توندڕەو دامەزراوە".

ئەمینداری گشتیی پارتی چەپی کورد لە سوریا دەشڵێت، "خەڵک ڕژێمی بەشار ئەسەدی ڕوخاند و ئێرانی لە سوریا دەرکرد، کە لەسەر پاشخانێکی تائیفی شیعە-عەلەوی دامەزرابوو. لە شوێنیدا ڕژێمێکی توندڕەوی سوننە جێگیرکرا. بۆیە تەحریر شام باشترین بژاردە نییە و ناتوانێت کێشەکانی سوریا چارەسەر بکات".
ئ.ه

بەپەلە