بەرپرسێكی باڵا پێشێلكاری مەترسیدار لەسوریا ئاشكرادەكات

کوردستان

9 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 851 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕایگەیاند،" پێشێلکارییەکی مەترسیدار  لەلایەن سوپای عەرەبیی سوریاوە لەناوچە كوردییەكان ئەنجامدراوە".


ئیلهام ئەحمەد، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا، لەهەژماری خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی (ئێکس) نوسیویەتی،" دوێنێ لەچوارچێوەی دەستپێشخەرییەک بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکەو ڕێگریکردن لەخوێنڕشتن، هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) ڕەزامەندییان نیشاندا لەسەر کشانەوەی تەواوەتەیان بۆ ڕۆژهەڵاتی فورات.

ئاماژەی بەوەشکرد، بەداخەوە سوپای عەرەبیی سوریا، لەبری پابەندبون بەبنەماکانی ڕێککەوتنەکەو پاراستنی سەقامگیری، هەستاون بەئەنجامدانی پێشێلکاریی ئاشکراو هێرشکردنە سەر هێزەکانمان.

بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەشڵێت،"  ئێستا پێکدادانی سەخت و شەڕێکی قورس لەناوەندی شارۆچکەی مەسکەنە لەنێوان هەسەدەو سوپای عەرەبیی سوریا بەردەوامەو دۆخەکە بەرەو ئاڵۆزیی زیاتر دەچێت.

هاوکات جەختی لەوە کردەوە، سوپای عەرەبیی سوریا بەتەواوی بەرپرسیارە لەم پێشێلکارییەو لێکەوتە مەترسیدارەکانی، هەروەها لە هاندان بۆ توندوتیژی دژی هێزەکانی هەسەدەو تێکدانی ئەو هەوڵانەی کە بۆ چارەی ئاشتییانە خرابونە گەڕیش بەرپرسیارە.

ئەمە لەكاتێكدایە، شەوی ڕابردوو ئەحمەد شەرع مەرسومێكی بۆ داننان بەكوردا دەركردو دوای كەمتر لەكاتژمێرێك هێرشێكی قورس لەلایەن گوپە چەكدارەكانییەوە دەستیپێكردەوەو تائێستاش بەردەوامە.