عێراق وەرگرتنەوەی بنكەیەكی ئەمریكای ڕاگەیاند

عیراق

7 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 190 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وەزارەتی بەرگری عێراق بەفەرمی ڕایگەیاند، هێزە سەربازییەکانی عێراق ئەرکی بەڕێوەبردنی بنکەی ئاسمانیی عەین ئەلئەسەدیان لەپارێزگای ئەنبار بەتەواوی گرتوەتە ئەستۆو بەفەرمی وەریانگرتەوە. 


وەزارەتەكە لەڕاگەیەندراوێكدا ڕاشیگەیاندوە، ئەم گۆڕانکارییە لەچوارچێوەی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنە ستراتیژییەکانی نێوان بەغداو واشنتۆنە بۆ کۆتاییهێنان بەئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەسەرانسەری عێراقدا.

هاوكات، عەبدولئەمیر ڕەشید یارەڵڵا، سەرۆکی ئەرکانی سوپای عێراق، بەشێوەیەکی مەیدانی سەرپەرشتی پرۆسەی دابەشکردنی ئەرک و بەرپرسیارێتییە سەربازییەکانی لەبنکەی ئاسمانیی عەین ئەلئەسەد کرد. 

ئەم هەنگاوە دوای کشانەوەی تەواوی هێزەکانی ئەمریکاو گرتنە دەستی بەڕێوەبردنی بنکەکە لەلایەن سوپای عێراقەوە دێت، کە وەک وەرچەرخانێکی ستراتیژی لەململانێ و هاوسەنگییەکانی ناوچەکەدا دەبینرێت.