شاخەوان عەبدوڵا وەڵامێكی توندی بافڵ تاڵەبانی دەداتەوە

کوردستان

5 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1592 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
جێگری دوەمی سەرۆكی پێشوی پەرلەمانی عێراق لەپەیامێكدا بەناونیشانی "وەڵامێک بۆ کاک بافڵ" دەڵێت،"جەنابت لەبەغدا یاریکەرنیت بەڵکو یاری پێکراوی واتە وەکو بەشێک لەو هێزانەی ئێستا لەگۆڕەپانی سیاسین تەنها بڕیارو ڕاسپاردە جێ بەجێ دەکەن".

شاخەوان عەبدوڵا، جێگری دوەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق پەیامێكی لەپەڕەی فەرمی خۆی لەفەیسبوك بڵاوكردەوەو ڕایگەیاند،"بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان  ئەمڕۆ لەکۆنگرەیەکی  رۆژنامەوانیدا باسی لەوەکرد ، بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار بەدوو کاندید دەچینە پەرلەمان ئەو کاتیش لەکاک شاخەوان بپرسن چی دەبێت".

وەڵام دەداتەوەو دەڵێت،" منیش دەڵێم ئەگەر مەبەستت پۆستی جێگری سەرۆکی پەرلەمانە پارتی سەرکەوتوو بوو لەوەی جارێکی تر پۆستی جێگری سەرۆکی پەرلەمان وەرگرێتەوە ، ئەگەر مەبەستت ئەوەیە تۆ نەتهێشتوە من ببمەوە جێگری سەرۆکی پەرلەمان لەمەشدا هەڵەی چونکە جەنابت لەبەغدا یاریکەرنیت بەڵکو یاری پێکراوی واتە وەکو بەشێک لەو هێزانەی ئێستا لەگۆڕەپانی سیاسین تەنها بڕیارو ڕاسپاردە جێ بەجێ دەکەن نەک ئەوەی خاوەن بڕیاری خۆتان بن".

جەختیش دەكاتەوەو دەڵێت،" خۆ هەر ئەوکەسەی  ئەمری بەجەنابت کرد دەنگ بەمن نەدەن و هەرئەوەی سەرۆکی پەرلەمان و جێگری یەکەمی دەست نیشان کرد لەدەرەوەی پەرلەمان داوای لەئێمەش کرد برۆین چایەکی لا بخۆین بەڵام ڕەتمانکردەوە، چونکە ئێمە پەروەردەی ڕێبازێکین وافێرکراوین بۆ پارێزگاری لەخەڵک و خاکی کوردستان جگە لەخودای گەورە پشت بەڕەوایەتی قەزێکەمان و خەبات و قوربانی گەلەکەمان ببەستین و بڕیارو ڕاسپاردەش تەنها لەسەرۆک و ڕابەرمان وەرگرین، نەک وەک خەڵکی تر لەژێر ترس و هەڕەشە مەوقفیان بگۆڕن و بچنە بەرەیەکی دۆڕاوەوە".

شاخەوان عەبدوڵا لەدرێژەی نوسینەكەیدا ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات، كەلەرۆژی 29 و 30 مانگ وێڕای ئەو هەموو پیلانگێڕیی و هەڕەشانە نەک دوو خولەک بەڵکو دە خولەکی تریش هەڵبژاردن ئەنجامبدرایا ئێمە نەئەدۆڕاین ،بەڵام بەکشانەوەی من تەواوی پیلانگێڕییەکە  لەگۆڕ نراو ئەو پۆستە لەدەستێکی ئەمیندا مایەوە کە ئەویش پارتی دیموکراتی کوردستانە".
 
دوپاتیشی كردەوە، كە ئێوە لەهەڵبژاردنی مانگی یانزەیش لەکەرکوک هەوڵێکی زۆرتان دا ئێمە سەرنەکەوین بۆ پەرلەمان بەڵام خەڵکی کەرکوک تەنانەت بەشێک لەیەکێتییەکانیش بڕیاری خۆیان داو پشتگیری ئێمەیان کردو دیسان متمانەیان پێمان بەخشی".