گواستنەوەی چەکدارانی داعش بۆناو عێراق ناڕەزایەتیی لێکەوتەوە

عیراق

9 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 5019 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

میقداد خەفاجی پەرلەمانتاری فراکسیۆنی "حقوق" لەپه‌رله‌مانى عێراق، گواستنەوەی دەستگیرکراوانی چه‌كدارانى داعشی لەسوریاوە بۆ عێراق لەلایەن سوپای ئەمریکاوە بەپێشێلکارییەکی ئاشکرای سەروەریی وڵات ناوبرد.


خەفاجی لەلێدوانێکدا بۆ ئاژانسی شەفەق نیوز ئاماژەی بەوەکردوە، ئەو هەنگاوە مەترسییەکی گەورەیەو دورنییە لەڕۆژانی داهاتودا ببێتە هۆی بەقاچاخبردنی چەک‌و تیرۆریستان.

ناوبراو ڕەخنەی لەئەمریکا گرت‌و بەجێهێشتنی هێزەکانی سوریای دیموکرات "هەسەدە"و پاڵپشتیکردنی بەرەی نوسرە تۆمەتباریکردن.

خەفاجی جەختی لەوەکردوه‌تەوە، بڕیاری گواستنەوەی حه‌وت هه‌زار چەکداری داعش پێچەوانەی بانگەشەکانی سەروەریی تەواوی عێراقەو داوای لەحکومەت‌و هێزە ئەمنییەکان‌و حەشدی شەعبی‌و پێشمەرگە کرد لەئامادەباشیدابن.

هەروەها ڕاشیگەیاندوه‌، پەرلەمان لیژنەیەکی بۆ بەسەرکردنەوەی ناوچە سنورییەکان‌و ئاگاداربون لەئامادەکارییە ئەمنییەکان پێکهێناوە.

لەبەرامبەردا، فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا "سێنتکۆم" جەختیکردەوە، دەستیانکردوە بەگواستنەوەی دەستگیرکراوەکان بۆ عێراق بەمەبەستی زامنکردنی مانەوەیان لەشوێنی پارێزراو.

سێنتکۆم ئاماژەی بەوەکردوە، لەقۆناغی یەکەمدا 150 چەکداریان لەحەسەکەوە گواستوه‌تەوەو بڕیارە کۆی گشتیی ئەوکەسانەی بگوازرێنەوە بگاتە حه‌وت دەستگیرکراوی داعش.