شارپرێس:
ڕۆژنامەی "پۆلیتیکۆ" لە زاری سێ سەرچاوەی ئاگادارەوە گواستویەتییەوە کە بارێکی پارچەی یەدەگی فڕۆکەی جەنگی "F-35"، کە بڕیار بوو بۆ چاککردنەوە ڕەوانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بکرێت، ئاراستەکەی گۆڕدراوە. گۆڕینی ئاراستەی ئەم بارە کە پێکهاتەی هەستیاری فڕۆکەی "F-35"ی ئەمریکی لەخۆدەگرت بەرەو هۆنگ کۆنگ، لەبری گەیشتنی بە ئەمریکا، لێکۆڵینەوەیەکی جیددی لە کۆنگرێسی ئەمریکا لێکەوتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتێکی تایبەتی پۆلیتیکۆ لە 18ی ئەیلوولی 2026، بارەکە لە ئوسترالیاوە بەرەو ئەمریکا بەڕێکرابوو، بەڵام لە کاتی پەڕینەوەی لە زەریای هێمن ئاراستەکەی گۆڕدرا و لە هۆنگ کۆنگ گیرسایەوە.
وەزارەتی بەرگریی ئەمریکاش ونبوونی هەندێک پێکهاتەی پشتڕاست کردۆتەوە. کۆمپانیای "لۆکهید مارتن"، بەرهەمهێنەری فڕۆکەکە، گواستنەوەی پارچەکانی بە نێوەندگیرێک سپاردبوو، بەڵام پێکهاتەکان گەیشتنە هۆنگ کۆنگ، کە ناوچەیەکی کارگێڕیی تایبەتی سەر بە چینە و پەکین لە ساڵانی ڕابردوودا کۆنترۆڵی ئەمنیی و سیاسیی خۆی بەسەردا سەپاندووە.
بارەکە یەکێک لە چەترەکانی شوێنی فڕۆکەوانی فڕۆکەکەی تێدابووە، کە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە توانای خۆحەشاردانی "F-35"ەوە هەیە و تەکنەلۆجیاکەی تەنها لای ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بەردەستە.
ئەم چەترە چینێکی تەنکی تێدایە کە شەپۆلی ڕادار هەڵدەمژێت و توانای سیستەمی دوژمن بۆ ئاشکراکردنی فڕۆکەکە کەمدەکاتەوە. ئەم ڕووداوە بووە هۆی زنجیرەیەک کۆبوونەوە لە کۆنگرێس و نوسینگەی پرۆگرامی فڕۆکەکە ڕایگەیاند کە کار دەکەن بۆ گەڕاندنەوەی پارچەکان.
شیکەرەوەیەکی پێشووی کۆنگرێس ڕایگەیاند، چین بە شێوەیەکی چڕ هەوڵی بەدەستهێنانی زانیارییەکانی "F-35" دەدات، و بەدەستهێنانی پارچەیەکی ڕاستەقینە دەبێتە هۆی پێدانی زانیاریی زیاتر بۆ پشتڕاستکردنەوە و باشترکردنی زانیارییەکانیان.