شارپرێس:
سوپای ئیسرائیل ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند لە هێرشێكی ئاسمانیدا لە ناوچەی خان یونس لە باشوری غەززە فەرماندەیەكی باڵای بزوتنەوەی حەماسیان كوشتووە.
لە بەیاننامەیەكدا، سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، هێرشێكی ئاسمانییان لە ناوچەی خان یونس ئەنجامداوە و بەهۆیەوە محەمەد سلێمان بیوك، فەرماندە لە باڵی سەربازیی حەماس كوژراوە.
ئاماژە بەوەشكراوە، بیوك بەشداریی لە هێرشەكانی حەوتی ئۆكتۆبەردا كردووە، لەماوەی ئەم دواییەشدا، كاری كردووە لە كەرتی غەززە بۆ بە ئامانجگرتنی هێزەكانی ئیسرائیل.
هەروەها لە بەیاننامەكەدا جەخت لەوە كراوەتەوە كە بیوك "پلانی داناوە بۆ ئەنجامدانی هێرش دژ بە هێزەكانی سوپا و هاوڵاتیانی مەدەنی ئیسرائیل، هەروەها كاریشی كردووە بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی تواناكانی حەماس و ئامادەكاری بۆ دەستپێكردنەوەی ئۆپەراسیۆنەكان".