شارپرێس:
کۆمپانیای دانەگازو هاوبەشەکانی، گرێبەستێکیان بۆ دابینکردنی گازی سروشتی بۆ پیشەسازییەکان لەهەرێمی کوردستان بۆ ماوەی 10 ساڵ واژۆ کرد.
كۆمپانیای دانەغاز لەڕاگەیەندراوێكدا ڕایگەیاند،" ئەم گرێبەستە کاریگەریی ئێجگار گەورەی لەهەرێمی کوردستان دەبێت، بەو پێیەی گازی سروشتی وەکو سوتەمەنیی ئەو کارگانە دابیندەکات کە بەسوتەمەنییەکی خاوێنتر لەسوتەمەنییەکانی دیکە هەژمار دەکرێت، بەراورد بەگازوایل و نەوتی ڕەش و مازۆت.
لەڕاگەیەندراوەكەدا ئەوەش هاتوە، بەپێی ئەم رێککەوتنە، پیشەسازییەکانی هەرێمی کوردستان لەنیوەی دوەمی ساڵی داهاتوەوە بۆ 10 ساڵ، دەست بەکڕینی ڕۆژانە نزیکەی 142 ملیۆن پێی سێجا دەکەن.
ئەوەش هاتوە، ئەو گازەی کە بۆ پیشەسازییەکان دابیندەکرێت، لەکێڵگەی گازی چەمچەماڵ بەرهەمدێت.
بەشێک لەبۆرییەکە بەدرێژایی 40 کیلۆمەتر لەکێڵگەی چەمچەماڵەوە ڕادەکێشرێت بۆ ناوچەی پیشەسازیی بازیان و کارگەکانی چیمەنتۆ.
ئەوەش ڕونكراوەتەوە، گرێبەستی فرۆشی گاز لەنێوان دانەگازو هاوبەشەکانی لەگەڵ هەریەکە لەکارگەکانی چیمەتۆی ماس، چیمەنتۆی بازیان، چیمەنتۆی دێلتا، چیمەتۆی گاسن و چیمەنتۆی سلێمانی واژۆکراوە کە هەمویان دەکەونە ناوچەی پیشەسازیی بازیان لەپارێزگای سلێمانی.
گرێبەستی فرۆشی گاز هەروەها لەگەڵ کارگەی ئاسنی ڤان واژۆکراوە کە دەکەوێتە پارێزگای هەولێر.
مەجید جەعفەر، بەڕیوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای هیلالی ئیماراتی و بەڕیوەبەری بۆردی کۆمپانیای دانەگاز، کە دوو کۆمپانیای سەرەکی پێکهێنەری کۆنسێرتیۆمی پێرڵ پێترۆڵیەمن لەو بارەیەوە ڕایگەیاند، "ئەم رێککەوتنە هەنگاوێکی گرنگە بۆ پەرەپێدانی ژێرخانی وزە لە هەرێمی کوردستان، بەو پێیەی بڕێکی زۆر لەگازی خاوێنی گازی سروشتی بۆ پیشەسازییەکانی هەرێمی کوردستان دابیندەکات و دەبێتە هۆکار بۆ لادانی سووتەمەنییەکانی دیکە کە ژینگەی هەرێمی کوردستان پیس دەکەن."
مەجید جەعفەر لەو بارەیەوە دەڵێت، "رێککەوتنەکە وەک کردنەوەی لاپەرەیەکی نوێیە لە کارەکانی کۆنسێرتیۆمی پێرڵ پێترۆڵیەم لەهەرێمی کوردستان، بەتایبەتی دوای ئەو دەستکەوتە گرنگەی کە لە پەرەپێدانی کێڵگەی کۆرمۆر بەدەستهات و پرۆژەی KM-250 لە مانگی 10 ـی ساڵی 2025 بە سەرکەوتوویی تەواو کرا و بەرهەمهێنانی گازی کێڵگەی کۆڕمۆری بەرێژەی 50% بەرزکردەوە."
