مەرسومی سەرۆكایەتی سوریا لەبارەی كوردەوە دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە

کوردستان

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 436 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وەزارەتی پەروەردەی سوریا ئاشكرایكرد، بەفەرمیکردنی خوێندنی زمانی کوردی و ئامادەکردنی پڕۆگرامی پەروەردەیی چۆتە بواری جێبەجێكردنەوەو دەڵێت،"وەزارەت پابەندكراوە لەماوەی شەش مانگدا پڕۆگرامی خوێندن بەزمانی كوردی  ئامادەبكات".


بەپێی نوسراوەکەی وەزارەتی پەروەردە، وەزارەتەکە پابەندکراوە کە لەماوەی کەمتر لەشەش مانگدا پڕۆگرامی خوێندنی زمانی کوردی بۆ سەرجەم قۆناغەکان ئامادەبکات و کارمەندی پێویست بۆ وانەی کوردی لەسەر میلاکی هەمیشەیی و وانەبێژ دابنرێن و خولی راهێنانی تایبەتیان بۆ دەکرێتەوە.

هاوکات هەر بەگوێرەی نوسراوەکە، زمانی کوردی وەک زمانێکی نیشتیمانی ناسێنراوەو ڕێگە دەدرێت لەخوێندنگە حکومی و ئەهلییەکانی ئەو ناوچانەی کورد تێیاندا زۆرینەیە، بخوێندرێت.

لەنوسراوەکەدا هاتوە، خوێندنی زمانی کوردی بەشێوەی ئیختیاری (ئارەزومەندانە) دەبێت و هەفتانە دوو وانە بۆ هەموو پۆلەکان تەرخان دەکرێت.

ئەم بڕیارەی وەزارەتی پەروەردە لەكاتێكدایە،  ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتی سوریا، مەرسومێکی تایبەتی بەكورد دەركرد.