شارپرێس:
کامەران عوسمان ئەندامی تیمی کوردستان ـ عێراقی ڕێکخراوی سی پی تی ئەمریکی ڕایدەگەیەنێت، ڕوماڵی ناپیشەییانەی میدیایەکی باشوری کوردستان لەسەر پچڕانی هێڵەکانی ئەنتەرنێت، بوەتە هۆی بێسەروشوێن بونی ژمارەیەک هاوڵاتی کوردی خەڵکی شاری بانە.
کامەران عوسمان باسی لەوەکرد،" بەهۆی پچڕانی هێڵەکانی پەیوەندیکردن و وەستاندنی ئەنتەرنێت لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕۆژانە کوردانی ڕۆژهەڵات دەهاتنە سەر سنوری باشوری کوردستان و بە بەکارهێنانی تۆڕەکانی پەیوەندیکردنی عێراق، دەنگوباس و هەواڵی خراپی دۆخیان بە کەسوکارو خەڵکی باشورو دۆستانییان لەدەرەوەی وڵات دەگەیاند ".
بەپێی وتەی کامەران عوسمان، لە ڕۆژی 13ی کانونی دوەمدا، میدیایەکی باشوری کوردستان ڤیدیۆی ئۆتۆمبێلی ئەو هاوڵاتییانە دەگوازێتەوە کە ژمارە و جۆری ئۆتۆمبێلەکانییان تیایدا بە ڕونی دەردەکەوێت و ئاشکرادەبێت.
ئەوەشخراوەتەڕوو، ڕۆژی دواتر و لە ڕێکەوتی 14ی کانونی دوەمدا، بە لێکۆڵینەوە لە ژمارەی ئۆتۆمبێلەکان، دەزگای ئیتڵاعاتی ئێران تەواوی ئەو هاوڵاتییانە کە ژمارەیان 36 کەسەو هەمویان کوردی دانیشتوی شاری بانەن دەدۆزێتەوە و دەیانڕفێنێت، تاوەکو ئێستا چارەنوسی ئەو هاوڵاتیانە دیارنیە و کەس نازانێت چیان بەسەر هاتوە.
ئەو ئەندامەی تیمی کوردستان ـ عێراقی ڕێکخراوی سی پی تی ئەمریکی باسی لەوەشکرد،" لەپاڵ ئەوەشدا، سوپای پاسداران، ژمارەیەکی زۆر سەرباز لەسەر سنوری بانە و مەریوان بڵاوە پێدەکەن و زاڵگە دروست دەکەن بۆ دەستگیرکردنی هەر کەسێک کە بیەوێت بچێت بۆ سەر سنور و هەواڵی خێزان و خەڵکی ڕۆژهەڵات بەدەرەوە بگەیەنێت ".
