لەگەڵ کۆتاییهاتنی فەرمیی پەیماننامەی ئەتۆمیی "نیو
ستارت" لە نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ڕووسیا لە ئەم پێنجشەممەی
رابردوو، جیهانێکی نوێ خەریکە گەشە دەکات کە هیچ یاسایەک بەڕێوەی نابات جگە لە پێشبڕکێی
خۆپڕچەککردن، سەربازیگەرایەتی و ململانێی هێزە ڕەهاکان.
ڕووسیا دوای کۆتاییهاتنی
پەیماننامەکە، خێرا جیابوونەوەی خۆی لە هەر پابەندییەک ڕاگەیاند کە لە ساڵی 2010ـەوە
لە نێوان باراک ئۆباما و دمیتری مێدڤێدێڤ واژۆ کرابوو، لە بەرامبەردا ئەمریکا کەمێک
چاوەڕوانی کرد تا دەرگای دیپلۆماسیی و دیالۆگی سەربازیی بکاتەوە.
هەرچەندە هیوایەک بۆ درێژکردنەوەی ڕێککەوتنەکە هەبوو، بەڵام
شارەزایان پێیان وایە جیهان ئێستا لە ناوچەیەکی بێ کۆتوبەندی ئەتۆمیی و پێشبڕکێیەکی
نوێدایە کە تێیدا چین وەک هێزێکی سێیەمی تەماحکار دەردەکەوێت.
بۆ یەکەمجار لە نیو سەدەی ڕابردوودا، هێزی گەورەی ئەتۆمیی
ئەمریکا و ڕووسیا بێ چاودێریی یاسایی ماونەتەوە. ڤاسیلی کاشین، لێکۆڵەر لە مۆسکۆ دەڵێت
کە ئەم دۆخە مەترسیدارە و ڕەنگە سیاسەتی ئەتۆمیی ئەمریکا بەرەو ئاراستەیەکی نادیار
ببات.
مێژووی ئەم ڕێککەوتنانە
بۆ ساڵی 1972 و سەردەمی نیکسۆن و بێریژنێڤ دەگەڕێتەوە، پاشان لە ساڵی 1991 ڕێککەوتنی
"ستارت" لە نێوان بوش و گۆرباچۆڤ واژۆ کرا بۆ کەمکردنەوەی چەکەکان و
دانانی سیستەمی پشکنین.
دواجار لە ساڵی
2010 پەیماننامەی "نیو ستارت" هاتە کایەوە و لە ساڵی 2021 بۆ پێنج ساڵی
دیکە درێژکرایەوە.
خاڵە سەرەکییەکانی ئەم پەیماننامەیە دیاریکردنی 1550 کڵاوەی
جەنگی و 700 ئامرازی هەڵدانی چەک بوو بۆ هەر لایەک، کە هەرچەندە سنووردارە بەڵام بەسە
بۆ لەناوبردنی هەردوو وڵات. تێکچوونی پەیوەندییەکانی واشنتۆن و مۆسکۆ بەهۆی جەنگی
ئۆکرانیا لە ساڵی 2022، ڕێگەی لە گفتوگۆی نوێ گرت.
ڕووسیا ئامادەیی
خۆی بۆ نوێکردنەوە نیشان دا، بەڵام پێشنیارەکەی پوتین بەهۆی ڕەتکردنەوەی دۆناڵد ترەمپ
بێ ئەنجام مایەوە. هەندێک پێیان وایە ترەمپ لە ترسی دۆڕان لە پێشبڕکێی خۆپڕچەککردن
هەڵەی کردووە، هەندێکی دیکەش دەڵێن ئەمە دەرفەتە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی چین.
ترەمپ داوای ڕێککەوتنێکی سێ قۆڵی دەکات کە چینیش بگرێتەوە،
بەڵام نیکۆلای سۆکۆڤ، دانوستانکاری پێشووی ڕووسیا دەڵێت ئەمە تەنیا ئاواتە، چونکە
مۆسکۆ و پەکینگ پێیان وایە دانوستانەکان یان دەبێت دووقۆڵی بن، یان پێنج قۆڵی بە بەشداریی
بەریتانیا و فەرەنساش.
ئاکۆ
عەبدوڵڵا ئاڵی
