شارپرێس:
لەنێوان ژورە تاریکەکانی ئەشکەنجەو کورسییەکانی بڕیاردانی ئەمنیدا، ناوی ئەبو مەحجەن حهسكاوى وەک مەتەڵێکی خوێناوی لەباکوری سوریا دەردەکەوێت؛ ئەو پیاوەی کە توانیی لەناو گەردەلولی تۆمەتەکانی خیانەتو پەتی سێدارەی هاوڕێکانی پێشوی ڕزگاری بێت، ئەمڕۆ نەک هەر وەک فەرماندەیەکی ئەمنی توندڕەو، بەڵکو وەک کلیلە نهێنییەکەی دەسەڵاتی شهرع لەحەسەکەو ئیدلب دەردەکەوێتەوە، تا چیرۆکی سەرکردەیەک بگێڕێتەوە کە مێژوەکەی بەقاعیدە دەستپێدەکاتو داهاتوی لەسەر پشتی ململانێیە ناوخۆییەکان بونیاد دەنێت.
لەکاتێکدا زۆرێک لەچاودێران پێیانوابوو، کێشە ناوخۆییەکانی ساڵی 2023ی "دەستەی تەحریر شام" کۆتایی بەژیانی سیاسییو سەربازی ئەبو مەحجەن حهسكاوى دەهێنێت، بەڵام دەرکەوتنی دوبارەی ئەو پیاوە مەتەڵاویە لەسەرەتای ساڵی 2026دا، هەموو هاوکێشەکانی گۆڕیی، حهسكاوى کە ڕۆژانێک وەک "دەستی ئاسنین"ی ئەبو محەمەد جۆلانی لەئیدلب دەناسرا، ئێستا لەحەسەکەوە جارێکی تر نەخشەی ئەمنی ناوچەکە دادەڕێژێتەوە بهسهركردایهتى ههمان سهركردهى كه ئێستا ناوى ئهحمهد شهرعه.
لەزیندانەوە بۆ لوتکەی دەسەڵات
حهسكاوى کە ناوی ڕاستەقینەی (مهروان عەلی)یە، تەنها فەرماندەیەکی سەربازیی سادە نییە؛ ئەو خاوەنی مێژویەکی ئاڵۆزە لەنێو گروپە جیهادییەکاندا، لەسەردەمی باڵادەستی "بەرەی نوسرە"دا، یەکێکبوو لەداڕێژەرانی سیستەمی ئەمنیی توندڕەو کە تێیدا دەیان چالاکوانو نەیاری سیاسی ڕاپێچی زیندانە نهێنییەکان کران.
هەرچەندە لەشەپۆلی "پاکتاوە ناوخۆییەکان"دا بۆ ماوەیەک کەوتە ژێر گومانو تەنانەت باس لەدەستبەسەرکردنی دەکرا بەتۆمەتی پەیوەندیی نھێنی، بەڵام دواجار وەک "سەرسەختترین ڕزگاربوو" گەڕایەوە نێو بازنەی متمانەی ئهحمهد شهرع.
سێبەری توندڕەوی لەبەرگێکی نوێدا
ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی حهسكاوى دەکرێن، تەنها پەیوەست نین بەڕابردوی لەناو ڕێکخراوی قاعیدە، بەڵکو پەیوەستن بەو شێوازە توندەی کە ئێستاش لەبەڕێوەبردنی دۆسیە ئەمنییەکاندا پەیڕەوی دەکات.
لەحەسەکە، ئەو وەک نوێنەرێکی خاوەن دەسەڵات دەردەکەوێت کە دەیەوێت لەنێوان "سەپاندنی یاسای توندو ڕازیکردنی هۆزە ناوخۆییەکاندا هاوسەنگیی ڕابگرێت، بهڵام چاودێران دەڵێن، "حهسكاوى نمونەی ئەو سەرکردانەیە کە دەزانن چۆن ڕەنگی خۆیان بگۆڕن، بەڵام بێئەوەی دەستبەرداری ئایدۆلۆژیا توندڕەوەکەیان بن".
ئایندەیەکی نادیار
ئەمڕۆ، لەکاتێکدا سوریا بەقۆناغێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت، حهسكاوى وەک هێمایەکی بەردەوامیی ئەو گروپانە دەبینرێت کە لەلیستە نێودەوڵەتییەکانی تیرۆرەوە بەرەو دامەزراوە ئەمنییە نافەرمییەکان هەنگاو دەنێن، پرسیارە گەورەکە لای خەڵکی ناوچەکە ئەوەیە، ئایا حهسكاوى دەبێتە هۆکارێک بۆ سەقامگیریی، یان جارێکی دیكه ناوی ئەو دەبێتەوە بەمانشێتی یەکەمی ڕاپۆرتەکانی پێشێلکارییهكانى مافی مرۆڤ؟.
هەڵکشانی لەناو بازنەی تیرۆرو توندڕەویدا
حهسكاوى وەک یەکێک لەتوندڕەوەکان دەستیپێکرد، کاتێک پەیوەندیی بەبەرەی نوسرەوە کرد، ئەو تەنها چەکدارێک نەبوو، بەڵکو مێشکێکی ئەمنیی سارد بوو، لەو قۆناغەدا، ناوی ئەو بەستراوەتەوە بەدامەزراندنی سیستەمێکی چاودێریی توند کە هیچ دەنگێکی ناڕازیی لەئیدلب قبوڵنەدەکرد، ئەو وەک 'ئەندازیاری بێدەنگکردن' دەناسرایەوە، کە تێیدا دەیان چالاکوانی مەدەنی بەهۆی فەرمانە ئەمنییەکانی ئەوەوە بێسەروشوێنکران.
کێڵگەی مین؛ ململانێ ناوخۆییەکانو تۆمەتی خیانەت
ساڵی 2023و 2024 بۆ حهسكاوى تاقیکردنەوەیەکی مەرگو ژیان بوو، لەناو گەورەترین شەپۆلی پاکتاوکردنی ناوخۆیی دەستەی تەحریر شامدا، ناوی ئەو خرایە لیستی سیخوڕەکان، بۆ ماوەیەک لەچاوەکان ونبوو؛ دەنگۆکان باسیان لەوەدەکرد، لەژێر ئەشکەنجەی هاوڕێکانی پێشویەتی، بەڵام مانەوەی ئەو لەژیانو گەڕانەوەی بۆ لوتکەی دەسەڵات نیشانەی ئەوەبوو، حهسكاوى خاوەنی نهێنییەکەیە کە شهرع ناتوانێت دەستبەرداری بێت، یان ئەوەتا ئەو بەشێکبوە لەیارییەکی گەورەتر بۆ لێدانی ڕکابەرەکانی دیكهى.
حهسكاوى 2026؛ گۆڕینی بەرگو مانەوەی ئایدۆلۆژیا
ئەمڕۆ لەساڵی 2026دا، حهسكاوى وەک کارەکتەرێکی جیاواز دەرکەوتوەتەوە، ئەو چیتر تەنها سێبەرێکی ناو زیندانەکان نییە، بەڵکو وەک فەرماندەیەکی ئەمنی دیپلۆماتکار لەحەسەکە دەردەکەوێت، هەوڵدەدات لەڕێگەی کۆبونەوە لەگەڵ هۆزەکانو کەسایەتییە کۆمەڵایەتییەکان، وێنەیەکی نوێ بۆ خۆیىو گروپەکەی دروستبکات، بەڵام لەپشت ئەم وێنە نوێیەوە، هێشتا ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بەچاوێکی پڕ گومانەوە سەیری دەکەن؛ پرسیارەکە ئەوەیە: ئایا پیاوێک کە ڕەگو ڕیشەی لەناو قاعیدەدا بێت، دەتوانێت ببێتە پارێزەری سەقامگیرییو مافەکانی مرۆڤ؟، چونكه ههمیشه ناوی ئەبو مەحجەن لەچەندین ڕاپۆرتی مافی مرۆڤو میدیایی وەک بەرپرسی یەکەمی دۆسیە "توندڕەوەکان"و پێشێلکارییەکانی دەستەی تەحریری شام (بەرەی نوسرەی پێشوو) هاتوە.
