موشەکەکانی ئێران؛ ئەو چەکەی تاران نایفرۆشێت

جیهان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1379 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لەکاتێکدا جیهان چاوی لەسەر پڕۆگرامی ئەتۆمی ئێرانە، ناوەندە توێژینەوەکانی ئیسرائیل هۆشداریی لەمەترسییەکی "نزیکترو خێراتر" دەدەن، به‌گوێره‌ى نوێترین شرۆڤەی پەیمانگه‌ی نیشتمانیی بۆ توێژینەوەی ئاسایش (INSS)، تاران موشەکە بالیستییەکانی وەک "کۆتا پایەی ڕێگریی" دەبینێت کە ناتوانێت دەستبەرداریی ببێت.


دکتۆر ڕاز زیمیت پسپۆڕی کاروباری ئێران ئاماژە بەوەدەکات، "عەلی خەمنەیی ڕێبەری باڵای ئێران، متمانەی بەهیچ گەرەنتییەکی ئەمریکی نییە، لەدیدی ئەودا، دەستبەرداربون لەموشەکەکان بەواتای خۆکوشتنی سیاسیی دێت؛ چونکە پێیوایە، واشنتۆن تەنها چەند هەفتەیەکی پێویستە بۆ لەناوبردنی ڕژێمەکە ئەگەر ئێران خاڵە بەهێزەکانی لەدەستبدات".

ڕاپۆرتەکە ئاشکرایدەکات، لای سەرکردایەتی ئێران، "بەرگەی لێدانی سەربازیی گرتن" ئاسانترە لە"هەڵوەشاندنەوەی پڕۆگرامی موشەکی"، تاران پێیوایە تەنانەت ئەگەر ئەمریکا هێرشێکی گەورەش بکات، ڕژێمەکە دەتوانێت بمێنێتەوە، بەڵام بەبێ موشەک، هیچ هێزێکی ڕێگریی نامێنێت.

بۆ ساڵانێکی زۆر ئیسرائیل موشەکەکانی وەک "ئامرازی گواستنەوەی کڵاوەی ئەتۆمی" دەبینی، بەڵام ئێستا وێنەکە گۆڕاوە، زیمیت جەختدەکاتەوە، موشەکە بالیستییەکان بونەتە "مەترسییەکی سەربەخۆو ڕاستەوخۆ"، ئێران توانیویەتی بەخێرایی لەشەڕەکاندا فێری تەکنیکی نوێ ببێت، وەک: کردنە ئامانجی ناوچە مەدەنییەکان‌و بەکاربردنی تەکنیكی تێپەڕاندنی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی.

ئێران تەنها وەک چەک سەیری موشەکەکانی ناکات، بەڵکو وەک "بیمەی مانەوەی ڕژێم" دەیانبینێت، لەکاتێکدا هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ سنوردارکردنی ئەتۆم بەردەوامن، تاران لەپشت پەردەوە خەریکی بەهێزکردنی "قەڵغانە موشەکییەکەیەتی"، ئەمەش وایکردوە کە هەر جۆرە ڕێککەوتنێکی داهاتوو لەگەڵ تاران، بەبێ پرسی موشەکی، تەنها وەک چارەسەرێکی کاتیی دەربکەوێت.