شارپرێس:
لەناو هۆڵە ساردو بێدەنگەکانی پەرلەمانی ئەوروپادا، کە زۆرجار تەنها زمانی بەرژەوەندییو دیپلۆماسی تێدا زاڵە، لەپڕ ڕەنگەکانی سروشتی کوردستان درەوشانەوە، عەبیر سەهلانی تەنها پەرلەمانتارێک نەبوو کە وتار بدات، ئەو "کوردستانێکی بچووککراوە"بوو کە لەناو دڵی برۆکسلەوە هاواری دەکرد، بهجلوبهرگى كوردیهوه چوه سهر ستهیجى پهرلهمانى ئهوروپاو وتى، "کاتێک تیرۆر هەڕەشەی لەشەقامەکانی پاریسو بەرلینو ستۆکهۆڵم دەکرد، کچانی کورد لەکۆبانێ گیانی خۆیان کردە قەڵغان، ئێستاش کاتی وهفاى ئێمهیه بۆ ئهوان".
گۆڕینی هاوکێشەی چیاکان
بۆ سەدەیەک، کورد دەیوت، "تەنها چیاکان هاوڕێمانن"، بەڵام سەهلانی لەپشت مایکەکەوە، بەو پۆشاکە ڕەنگاڵەییەی کە بۆنی خوێنو ئازادی لێدەهات، ئەو مێژوەی گۆڕیی، ئەو بە جیهانی وت، "کورد چیتر تەنها نییە، ئێمە لێرەین، دەنگتان دەبیستینو هاوڕێی ڕاستەقینەی ئێوەین".
پرچی بڕاوو شکۆی نەشکاو
کاریگەرترین ساتى كۆبونهوهكهى دوێنێى پهرلهمانى ئهوروپا ئەو ساتەبوو کە سەهلانی باسی لە"دڕندەیی تیرۆر" کرد، وتی، "تیرۆریستان تەنانەت ڕێز لەمردوانیش ناگرنو پرچی کچانی کورد دەبڕن"، ئەمە تەنها وەسفی تاوانێک نەبوو، بەڵکو شەرمەزارکردنی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بوو کە چۆن ڕێگە دەدات ئەو دەستانەی داعشیان تێکشکاند، ئێستا بەتەنها لەبەردەم هێرشەکاندابن.
"قەرزێک کە دەبێت بدرێتەوە"
سەهلانی بەزمانی "وەفا" قسەیکرد، بەبیری ئەوروپای هێنایەوە، "کاتێک تیرۆر هەڕەشەی لەشەقامەکانی پاریسو بەرلینو ستۆکهۆڵم دەکرد، کچانی کورد لەکۆبانێو ڕۆژئاوا گیانی خۆیان کردە قەڵغان، ئێستاش کاتی ئەوەیە ئێمە ببینە قەڵغان بۆ ئەوان".
هاواری کۆبانێ
سەهلانی داوایکرد، گەمارۆی سەر کۆبانێ بشکێندرێتو هێرشەکان بوەستێنرێن، ئەو نیشانیدا، جلی کوردی تەنها پۆشاک نییە، بەڵکو ئاڵایەکە بۆ بەرگرییو کەرامەت.
عەبیر سەهلانی لەپەرلەماندا نەیوت بژی کورد، بەڵکو بەکردەوە نیشانیداو ئهوهى وت، "کوردایەتی واتە بەرگریی لەهەموو بەها مرۆییەکان، ئەو ڕۆژە، پرچی بڕاوی کچانی کورد، بوە ملوانکەی شکۆ بەملی پەرلەمانی ئەوروپاوە".
عهبیر سههلانى كێیه؟
عەبیر سەهلانی لەوەدایە کە تەنها سیاسییەک نییە، بەڵکو دەنگێکی یاخیو مرۆییە لەدڵی ئەوروپادا، عەبیر سەهلانی لەساڵی 1976 لەشاری ناسریەی عێراق لەدایکبوە، لەتەمەنی 15 ساڵیدا وەک پهناخوازێك، بەتەنهاو بێ خێزانەکەی، ڕوی لەسوید کردوە، ئەو سەرەتا سەختە وای لێکردوە هەمیشە هەست بەئازاری چەوساوەکانو پهناخوازان بکات.
سههلانى یەکێکە لەدیارترین ئەندامانی حزبی ناوەندی سوید (Center Party)، ئێستا ئەندامی پەرلەمانی ئەوروپایەو جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی (Renew Europe)یە کە یەکێکە لەبەهێزترین فراکسیۆنە لیبڕاڵەکانی ئەوروپا.
هەرچەندە خۆی کورد نییە، بەڵام عەبیر وەک "دۆستی نزیکی کورد" دەناسرێت، ئەو پێیوایە، کێشەی کورد کێشەی دادپەروەرییە، دوێنێش لهپهرلهمانى ئهوروپا، جلوبهرگى ژنانى باكورو ڕۆژئاواى كوردستانى پۆشیىو وهك خۆى وتى، ئهمهى كردویهتى، درێژکراوەی زنجیرەیەک پشتگیرییه بۆ ڕۆژئاوای کوردستانو شاری کۆبانێ بهتایبهتى".
