شارپرێس:
كاروانی یارمەتییە مرۆییەكانی خەڵكی باكووری كوردستان كە لەژێر ناوی "پلاتفۆرمی پاراستن و پشتیوانی لە شاری ئامەد" كۆكرابووەوە، لە ڕێگەی دەروازەی عەزازەوە گەیشتە شاری كۆبانێ و لەلایەن مانگی سووری سوورییەوە گواسترایەوە.
بەگوێرەی ئاژانسی فوڕات، كاروانەكە ١٧ بارهەڵگر بووە كە خۆراك و پێداویستیی تێدابوو، ئەوەش لە چوارچێوەی هەڵمەتێكی پشتیوانیدا كە ئامانجی هاوكاریكردنی خەڵكە لەو دۆخە سەختەی ناوچەكە پێیدا تێدەپەڕێت.
جێگری سەرۆكی ژووری بازرگانی ئەردال ئەفشار و پارێزەر ڕەیحان گۆك رایانگەیاند، ئەم دەستپێشخەرییە یەكڕیزیی كورد و هاوكاریی لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە مرۆییەكان نیشاندەدات.
ماوەی ٢٣ ڕۆژە شاری كۆبانێ لەلایەن هێزەكانی حكومەتی كاتیی سووریاوە گەمارۆیەكی توندی لەسەرە.