ئیلهام ئه‌حمه‌د مەترسی ده‌ستپێكردنه‌وه‌ى شەڕ ئاشكراده‌كات

کوردستان

21/02/2026‌ 4695 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

یه‌كێك له‌سه‌ركرده‌ دیاره‌كانى كورد له‌ڕۆژئاواى كوردستان مه‌ترسى هه‌ڵگیرسانه‌وه‌ى شه‌ڕ ئاشكراده‌كات‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "تورکیا بەڕۆڵێکی نەرێنی‌و هەڕەشەی بەردەوام دەیەوێت دیالۆگ پەکبخات"، ده‌شڵێت، "مەترسیی هەڵگیرسانەوەی شەڕێکی نوێ له‌ئارادایه‌".


ئیلهام ئه‌حمه‌د یه‌كێك له‌سه‌ركرده‌ دیاره‌كانى كورد له‌ڕۆژئاواى كوردستان‌و هاوسه‌رۆكى فه‌رمانگه‌ى پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆسەر ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات، زۆربەی بەندەکانی ڕێککەوتنی 29ی کانونی دوەم جێبەجێنەکراون‌و دەستوەردانە بەردەوامەکانی تورکیا-یش ڕێگریی سەرەکییە لەگەیشتن بەچارەسەری سیاسیی‌و جێگیرکردنی ئارامی لەناوچەکەدا.

ئیلهام ئەحمەد لەچاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵى ئاسمانى ڕۆناهى تیڤى ئاشکرایکرد، پێش گەشتەکەیان بۆ میونشن لەگەڵ ئەمریکاو وەزیری دەرەوەی دیمەشق کۆبونەتەوە بۆ هەماهەنگی زیاتر، بەڵام وتاری ڕق‌و کینە لەلایەن هەندێک لایەنەوە ڕێگرە لەجێبەجێکردنی تەواوی بەندەکانی ڕێککەوتنی نێوانیان.

ئه‌وه‌شى وت، "ئێستا کار بۆ ڕێکخستنەوەی لیوا سەربازییەکان دەکرێت‌و هەوڵەکان بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان بەردەوامە".

ئه‌وه‌شى نه‌شارده‌وه‌، "تورکیا بەڕۆڵێکی نەرێنی‌و هەڕەشەی بەردەوام دەیەوێت دیالۆگ پەکبخات‌و ڕێگریی لەمافەکانی کورد لەسوریادا بکات".

ئیلهام ئەحمەد هۆشداریدا لەمەترسیی هەڵگیرسانەوەی شەڕێکی نوێ‌و وتى، "هه‌موكات ئه‌گه‌رى سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ى شه‌ڕێكى نوێ له‌ناوچه‌كه‌ هه‌یه‌، بۆیه‌ داواده‌كه‌ین هه‌موان چاوكراوه‌بن‌و هۆشیاربن".
 
له‌كۆتاییشدا باسى له‌وه‌كرد، "بەشداریی ژنان لەحکومەتی کاتیدا زۆر سنوردارە، داواده‌كه‌ین هەموان پشتیوانیی لەیاسای پاراستنی کورد بکەن تاوەکو یەکڕیزیی نیشتمانی لەم قۆناغەدا بەپارێزراوی بمێنێتەوە".