بازرگانیکردن بەمەرگ.. چۆن گەنجانی عێراق لەکورسی خوێندنەوە بۆ بەرەکانی جەنگی ڕوسیا ڕاپێچکران؟

عیراق

9 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 4232 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

خەونی خوێندن لەمۆسکۆ گۆڕا بۆ کابوسی مەرگ لەسەنگەرەکان؛ عێراق پەردە لەسەر بازاڕێکی ڕەشی کڕین‌و فرۆشتنی گەنجان لادەبات کە تێیدا هەژاریی گەنجان دەکرێتە سوتەمەنی جەنگێکی دورەدەست‌و حکومەتیش بۆ ڕزگارکردنی دیلەکان پەنا بۆ کیێڤ دەبات.


لەکاتێکدا جەنگی ڕوسیاو ئۆکرانیا پێدەنێتە قۆناغێکی نوێوە، چیرۆکی تێوەگلانی گەنجانی عێراقی لەو جەنگەدا بوەتە دۆسیەیەکی گەرمی ئاسایشی نیشتمانی، حکومەتی عێراق، لەڕێگەی ڕاوێژكارى ئاسایشی نیشتمانییەوە، پەردەی لەسەر یەکێک لەگەورەترین پڕۆسەکانی "خەڵەتاندن‌و بازرگانیکردن بەمرۆڤ" لادا کە ئامانج لێی ناردنی گەنجانی چینە هەژارەکانە بۆ بەرەکانی جەنگێک کە هیچ بەرژەوەندییەکی عێراقی تێدانییە.

تەڵەیەک بەناوی خوێندن‌و کار
به‌گوێره‌ى وتەکانی سەعید جەیاشی ڕاوێژکاری ستراتیژیی لەئاسایشی نیشتمانی عێراق، ئەو تۆڕانە بەشێوەیەکی ناڕەواو بەغەفڵەت گەنجانیان تێوەگلاندوە، پڕۆسەکە بەپێدانی ڤیزای خوێندن یان گرێبەستی کار لەڕێگەی کونسوڵخانەکانی ڕوسیا لە(بەسرەو هەولێر) دەستپێدەکات، بەڵام کاتێک گەنجەکە دەگاتە مۆسكۆ، خۆی لەبەردەم گرێبەستێکی سەربازیی زۆرەملێدا دەبینێتەوەو ناچاردەکرێت چەک هەڵبگرێت.

مشتەری پۆڵایینی دەوڵەت‌و سزای توند
به‌گوێره‌ى سه‌رچاوه‌كانى هه‌واڵ، دەزگا ئەمنییەکان لەهەڵمەتێکی فراواندا توانیویانه‌، 17 کەس دەستگیربکەن کە دەستیان هەبوە لەخه‌ڵه‌تاندنى گەنجاندا، ئەنجامەکانیش دواى ئه‌و پرۆسه‌یه‌ خێرابون؛ دادگای نەجەف سزای زیندانی هەتاهەتایی بۆ دوو لەو بازرگانانە ده‌ركرد.

حکومەتى عێراق تەنها بەسزا نەوەستاوە، بەڵکو وەزارەتی خوێندنی باڵا لەبڕیارێکی کتوپڕدا سەرجەم زەمالەو خوێندنی لەڕوسیا بۆ ساڵی 2026 ڕاگرت، تاوەکو ڕێگریی بکات لەوەی ناوی خوێندن، ببێتە دەروازەیەک بۆ ناردنی گەنجان بۆ نێو کورەی ئاگری جەنگ.

دیپلۆماسییەت لەکاتی جەنگدا.. نامەیەک بۆ زێلێنسکی
گرنگترین وەرچەرخان لەم دۆسیەیەدا، جوڵەی عێراقە بەرەو کیێڤ، حکومەت لەهەوڵی جدیدایە بۆ ناردنی نامەیەکی فەرمی بۆ ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا، بەمەبەستی گەڕاندنەوەی ئەو گەنجە عێراقییانەی کە وەک "دیل" لەلایەن سوپای ئۆکرانیاوە دەستگیرکراون. عێراق جەختدەکاتەوە، ئەم گەنجانە قوربانیی تۆڕە وەهمییەکانن نەک سەربازی ئارەزومەند.

باڵیۆزخانه‌ى مۆسكۆ.. دەروازەی ڕزگاربون
لەئێستادا باڵیۆزخانه‌ى عێراق لەمۆسكۆ، هێڵێکی گەرمی کردوەتەوەو پاسپۆرتی تێپەڕبون دەداتە هەر عێراقییەک کە بیەوێت لەو تەڵەیە ڕزگاریبێت‌و بگەڕێتەوە نیشتمان.

هه‌روه‌ك زانیاریى ئه‌وه‌ش ئاشكرابوه‌، وه‌فدێكى باڵای حکومه‌تى عێراق بڕیاروایه‌ بەمزوانە بچێتە مۆسكۆ بۆ ئەوەی ڕاستەوخۆ ڕوبەڕوی وەزارەتی بەرگریی ڕوسیا ببێتەوەو ئاماری ڕاستەقینەی کوژراوو بریندارو چەکدارە عێراقییەکان وەربگرێت.

عێراق بەم هەنگاوانە پەیامێکی ڕون دەنێرێت ئه‌ویش، پاراستنی گەنجانی عێراقه‌ كه‌ لەهەمولایەنە سیاسیی‌و نێودەوڵەتییەکان گرنگترەو هەر لایەنێک یان وڵاتێک بیەوێت هەژاریی گەنجی عێراقی بۆ مەرامی سەربازیی بەکاربهێنێت، ڕوبەڕوی سزای توندی یاسا دەبێتەوە.