وەزارەتی کشتوکاڵ لەبارەی پێدانی دەرمانی قەدەغەکراو بەمریشک هاتەدەنگ

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 500 جار خوێندراوه‌ته‌وه

 

شارپرێس:
وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان، لە راگەیەنراوێکدا لەبارەی بەکارهێنانی دەرمانی قەدەغەکراو لە کێڵگە پەلەوەرییەکاندا  دەڵێت، هەڵمەتێکی چڕی پشکنینیان بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان دەست پێکردووە و هەر کەسێک ماددەی قەدەغەکراو بەکار بهێنێت، ڕووبەڕووی سزای توندی یاسایی دەبێتەوە.

 وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، مامەڵەکردن بە هەموو جۆرە دەرمان و ڤاکسینێکی ڤێتێرنەری و پێدانی مۆڵەتی هاوردەکردن، بەپێی ڕێنماییەکانی ژمارە (1) و (4)ـی ساڵی 2022 رێکخراوە.

هەروەها وەزارەتەکە هۆشداریی دەداتە سەرجەم خاوەن پرۆژەکانی (ئاژەڵداری، پەلەوەر و ماسی) و کۆمپانیا و کۆگاکانی دەرمانی ڤێتێرنەری، کە بە هیچ شێوەیەک دەستیان نەچێتە بەکارهێنانی ئەو ماددانەی کە لە لیستی قەدەغەکراوەکاندان.

 دەشڵێت، هەر لایەنێک پابەند نەبێت، رووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی و داخستنی شوێنکارەکەی دەبێتەوەو بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی ڤێتێرنەری، لیژنەکانی قایمقامییەت و هێزە ئەمنییەکان راسپێردراون کە بە هەماهەنگیی تەواو، چاودێریی وردی بازاڕ و کێڵگەکان بکەن. مەبەست لەم هەنگاوە دەستبەسەرداگرتنی هەر جۆرە دەرمانێکی قەدەغەکراو یان بێ مۆڵەتە. 

وەزارەتی کشتوکاڵ ئاماژەی بەوەکرد، ژمارەیەک کەسی دیاریکراو کە جۆرێک لە دەرمانی قەدەغەکراویان بەکارھێنابوو، دەستگیر کراون و رێکاری یاساییان بەرامبەر گیراوەتەبەر، بەڵام ئەمە بەو واتایە نایەت کە گشتاندن بۆ هەموو کێڵگەکان بکرێت. بەرهەمی کێڵگە پەلەوەرییەکانی کوردستان لەژێر چاودێریی وردی لیژنە پزیشکی و ڤێتێرنەرییەکاندا دەخرێنە بازاڕەوە و شیاون بۆ خواردن.