شارپرێس:
دوو بەرپرسی ئەمریکی ڕایانگەیاندوە، پلانی سەربازیی ئەمریکا سەبارەت بەئێران گەیشتوەتە قۆناغێکی پێشکەوتوو، بژاردەکان بەئامانجگرتنی کەسایەتییەکانو تەنانەت هەوڵدان بۆ گۆڕینی ڕژێمی تارانیش دەگرێتەوە، ئەگەر دۆناڵد ترەمپ فەرمانی پێبکات.
ئەو بژاردە سەربازییانە ئاماژەی نوێن بۆ ئەوەی کە ئەگەر هەوڵە دیپلۆماسییەکان شکستیانهێنا، ئەوا ویلایەتە یەکگرتوەکان خۆی بۆ ململانێیەکی مەترسیدار لەگەڵ ئێران ئامادەدەکات.
هەفتەی ڕابردوو ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە، سوپای ئەمریکا خۆی بۆ ئۆپەراسیۆنێک ئامادە دەکات کە چەند هەفتەیەک دەخایەنێتو ڕەنگە بۆردومانکردنی دامەزراوە ئەمنییەکانو ژێرخانی ئەتۆمیی بگرێتەوە.
زانیارییە نوێیەکان ئاماژە بەهەبونی پلانێکی وردترو فراوانتر دەکەن پێشئەوەی ترەمپ بڕیاری کۆتایی بدات، کە لەمدواییانەدا بەئاشکرا بیرۆکەی گۆڕینی ڕژێمی ئێرانی وروژاندوە، ئەو دوو بەرپرسە وردەکارییان لەسەر ئەوکەسانە نەخستەڕوو کە دەکرێنە ئامانج یان چۆنیەتی گۆڕینی ڕژێم بەبێ هێزی زەمینی گەورە.
هەوڵدان بۆ گۆڕینی ڕژێم دەبێتە وەرچەرخانێکی دیكه لەبەڵێنەکانی کەمپەینی هەڵبژاردنی ترەمپ کە دەیگوت دەستبەرداری سیاسەتە شکستخواردووەکانی ڕابردوو دەبێت، وەک هەوڵە سەربازییەکان بۆ ڕوخاندنی حکومەتەکانی ئەفغانستانو عێراق.
ترەمپ هێزێکی زۆری لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کۆکردوهتەوە، بەڵام زۆربەی تواناکانی لەسەر کەشتییە جەنگییەکانو فڕۆکەکانن، هەروەها هەر هەڵمەتێکی گەورەی بۆردومانکردن پێویستی بەپشتگیریی فڕۆکە بۆمبهاوێژەکان دەبێت کە بنکەکانیان لەئەمریکایە.
ترەمپ لەخولی یەکەمیدا ئامادەیی خۆی بۆ تیرۆرکردنی ئامانجدار نیشاندا بەپەسەندکردنی هێرشەکەی ساڵی 2020 بۆسەر قاسم سلێمانی، هەروەها ئیدارەی ترەمپ لەساڵی 2019دا سوپای پاسدارانی وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی ناساند.
بەرپرسێکی ئەمریکی ئاماژەی بەسەرکەوتنی ئیسرائیل کرد لەبەئامانجگرتنی سەرکردە ئێرانییەکان لەجەنگی 12 ڕۆژەی ساڵی ڕابردوو کە تێیدا لانیکەم 20 فەرماندەی باڵا کوژران، لەوانە محەمەد باقری سەرۆکی ئەرکانی هێزە چەکدارەکان.
ئەو بەرپرسە وتویهتى، "جەنگە 12 ڕۆژەییەکەو هێرشەکانی ئیسرائیل، سودی ئەم شێوازەیان نیشاندا، کە تیشکدەخاتەسەر فەرماندەییو کۆنترۆڵی سوپای پاسداران"، هۆشداریشیدا، کە "بەئامانجگرتنی کەسەکان پێویستی بەزانیاریی هەواڵگریی زیاتر هەیە بۆ زانینی شوێنی وردیانو ڕێگریی لەزیانی لاوەکی".
