لە 42 دەوڵەتەوە بۆ كوردستان.. گەشتی پێچەوانەی خێزانە بیانییەکانی داعش دەستپێدەکات

کوردستان

14 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 4219 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەڕێوبەرایەتی کاروباری ئاوارەو پەنابەران لەباکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕایگەیاند، ئامادەکارییەکان بۆ چۆڵکردنی کەمپی (ڕۆژ) لەگوندەواری شارۆچکەی دێریک دەستیپێکردوە، کە تایبەتە بەخێزانە بیانییەکانی چەکدارانی گروپى تیرۆریستى داعش.


شێخموس ئەحمەد هاوسەرۆکی نوسینگەی کاروباری ئاوارەو پەنابەران لەئیدارەی خۆسەر لەلێدوانێکدا به‌میدیاكانى ڕۆژئاواى كوردستانى وتوه‌، "کەمپەکە لەئێستادا نیشتیمانی ئەم خێزانانەیە، 730 خێزانی بیانی لە42 دەوڵەتی جیاوازەوە، كه‌ 15یان خێزانی عێراقی‌و 11شیان خێزانی سورین، به‌گشتیش نزیکەی دوو هه‌زارو 225 کەس لەناو کەمپەکەدا دەژین".

بەگوێره‌ى وتەکانی شێخموس ئەحمەد، "پڕۆسەی چۆڵکردنی کەمپەکە بەمشێوەیە دەبێت، خێزانە عێراقییەکان گواستنەوەیان بەهەماهەنگی لەگەڵ کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی سەر بەنەتەوەیەکگرتوەکان (UNHCR) دەبێت بۆ گەڕانەوەیان بۆ وڵاتەکەیان، بۆ خێزانە بیانییەکانیش کاردەکرێت تاوه‌كو ڕادەستى ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌یان بكه‌ینه‌وه‌ کە لێوەی هاتون، هه‌رچى خێزانە سورییەکانیشه‌، دەگەڕێندرێنەوە بۆ ناوچە ڕەسەنەکانی خۆیان لەناوخۆی وڵاتدا".

ئەو هەنگاوەی ئیدارەی خۆسەر لەچوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکاندایە بۆ کەمکردنەوەی باری گرانی سەرشانی ناوچەکەو چارەسەرکردنی دۆسیەی خێزانەکانی داعش کە بە"بۆمبێکی چێندراو" لەناوچەکەدا وەسفدەکرێن.