بارزانی هەموان بێدەنگ دەکات‌و کۆتایی بەشەڕی زێباری‌و فوئاد حوسێن هێنا

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 14438 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

تەقینەوەی کێشەکان لەلوتکەی دەسەڵاتی پارتی، کاتێک خاڵی بارزانی‌و یه‌كێك له‌كه‌سه‌ نزیكه‌كانى، لەشاشەکانەوە هێرشدەکەنەسەریەک، بارزانی دەستوەردانێکی کتوپڕیكرد، لەپشت پەردەی کۆبونەوەکانی مەکتەبی سیاسی چی ڕویدا؟ چۆن بڕیارێکی بێدەنگکردن بوە هۆی کپکردنی توڕەیی سەرکردە دەستڕۆیشتوەکان‌و ڕێگریی لەلێپێچینەوە لەهۆشیار زێباریی‌و فوئاد حوسێن کرد؟ شارپرێس وردەکاریی ئەو ژورە تاریکانە ئاشکرادەکات کە بڕیاری قەدەغەکردنی دەرکەوتنی میدیایی تێدا درا.


شارپرێس پەردە لەسەر وردەکاریی کێشە ناوخۆییەکانی پارتی لادەدات، چۆن شەڕەقسەی دوو کارەکتەری باڵا، مەسعود بارزانی هێنایەسەر هێڵ؟ لەدوای ئەو گرژیی‌و هێرشە توندانەی لەمیدیا عەرەبییەکانەوە لەنێوان هۆشیار زێباری خاڵی بارزانی‌و کەسی یەکەمی حزب‌و فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوە‌و ئەندامی مەکتەبی سیاسی دروستبوو، دۆخی ناوخۆیی پارتی دیموکراتی کوردستان گەیشتە لوتکەی ئاڵۆزیی.

بەگوێرەی زانیارییەکانی شارپرێس، ژمارەیەک لەئەندامانی دەستڕۆیشتوی مەکتەبی سیاسی کە نزیکن لەمه‌سعود بارزانی، بەفەرمی داوای پێکهێنانی لیژنەیەکی لێپرسینەوەیان کردبوو، ئەوان نیگەرانبون لەوەی، "چۆن دەکرێت دوو کارەکتەری باڵا، شکۆی حزب لەشاشە عەرەبییەکانەوە بشکێنن؟".

شارپرێس زانیویه‌تى، له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و داواكاریى‌و ڕه‌خنانه‌دا، مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموكراتى كوردستان، بەبڕیارێک، هەموو داواکارییەکانی بۆ پێکهێنانی لیژنەی لێکۆڵینەوە ڕەتکردەوەو لەبری ئەوە، سزایەکی بەکۆمەڵی بەسەر بەرپرسانی حزبەکەیدا سەپاند.

هه‌روه‌ك شارپرێس زانیاریى ئه‌وه‌ى ده‌ستكه‌وتوه‌، مه‌سعود بارزانى بڕیاریداوه‌، هیچ ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی، سەرکردایەتی، وەزیرو پەرلەمانتارێکی پارتی له‌به‌غداو هه‌رێمى كوردستان، بۆی نییە تا کاتی پێکهێنانی حکومەتی نوێ‌و هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار له‌عێراق، چاوپێکەوتن لەگەڵ میدیا عەرەبییەکان ئەنجامبدات.
    
سه‌رۆكى پارتى هۆشداریی لەئەجێندای دەرەکی داوه‌و  بەڕاشکاوی بەبەرپرسانی باڵاى حزبەکەی ڕاگەیاندوە، "میدیا عەرەبییەکان بەئەجێندای تایبەت دیمانەتان لەگەڵ دەکەن‌و دەتانخەنە داوی خۆیانەوە".

ئەم بڕیارەی بارزانی بەلێدانێک بەدوو نیشانە دادەنرێت؛ لەلایەکەوە ناڕەزایەتییە توندەکانی ناو مەکتەبی سیاسیی بەرامبەر زێباری‌و فوئاد حوسێن دامرکاندەوە، لەلایەکی دیکەشەوە ڕێگریکرد لەوەی کێشە ناوخۆییەکانی پارتی زیاتر ببنە کەرەستەی میدیایی‌و سیاسیی بۆ لایەنە نەیارەکانیان لەبەغداو هەرێمیش.

به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیاریه‌ تایبه‌تانه‌ى به‌شارپرێس دراون، ئێستا بڕیارەکەى بارزانى چوەتە بواری جێبەجێکردنەوەو بێدەنگيی، باڵی بەسەر بەرپرسانی پارتیدا کێشاوە، تائەوکاتەی تەمومژ لەسەر پرسی سەرۆک کۆمارو حکومەتی نوێی عێراق دەڕەوێتەوە.