پرسی "بونەوەرە ئاسمانییەکان" لەنێوان ترەمپ و ئۆبامادا

جیهان

9 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 307 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا بە نیازە زانیارییە شاردراوەکانی پەیوەست بە بونەوەرە ئاسمانییەکان و تەنە فڕیوە نەناسراوەکان بڵاو بکاتەوە.

 

ئەم بڕیارە وەک وەڵامێک بۆ لێدوانەکانی باراک ئۆباما دێت کە گوتبووی ئەگەری هەبوونی ژیان لە دەرەوەی زەوی بەدوور نازانێت.

ترامپ لە پلاتفۆرمی "ترووس سۆشیاڵ" نووسیویەتی کە بەهۆی بایەخی زۆری بابەتەکە، فەرمان بە وەزیری بەرگری و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان دەکات بۆ دەستپێکردنی پرۆسەی دیاریکردن و بڵاوکردنەوەی بەڵگەنامە حکومییەکانی تایبەت بەو دیاردە ئاڵۆزانە.

ئەم بابەتە کاتێک گەرم بوو کە ئۆباما لە پۆدکاستێکدا ئاماژەی بە بوونی تەنە فڕیوە نەناسراوەکان کرد، بەڵام ڕەتیکردەوە لە "ناوچەی 51" یان هیچ شوێنێکی نهێنی دیکەدا شاردرابێتنەوە.

ئۆباما دواتر لە ڕوونکردنەوەیەکدا لە ئینستاگرام گوتی کە لە ڕووی ئامارییەوە ئەگەری هەبوونی ژیان لە گەردووندا زۆرە، بەڵام بەهۆی دووریی مەوداکانەوە، ئەگەری سەردانیکردنیان بۆ زەوی کەمە و ئەو لە سەردەمی سەرۆکایەتیی خۆیدا هیچ بەڵگەیەکی لەسەر پەیوەندیی بوونەوەرە ئاسمانییەکان نەبینیوە.

ڕۆژی پێنجشەممە 19ی شوباتی 2026، ترامپ لە ناو فڕۆکەی سەرۆکایەتییدا ئۆبامای تۆمەتبار کرد بەوەی زانیارییە نهێنییەکانی ئاشکرا کردووە کاتێک باسی لە ڕاستی بوونەوەرە ئاسمانییەکان کردووە، هەرچەندە ترامپ هیچ بەڵگەیەکی بۆ ئەم تۆمەتە پێشکەش نەکرد. ترامپ سەبارەت بە ڕاستیی ئەوان گوتی: "نازانم ئەوان ڕاستین یان نا".

لە لایەکی دیکەوە، لارا ترامپ، هاوسەرۆک کوڕەکەی ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد کە سەرۆک وتارێکی ئامادەکراوی لەسەر بوونەوەرە ئاسمانییەکان هەیە و لە کاتی گونجاودا پێشکەشی دەکات، هەرچەندە وتەبێژی کۆشکی سپی کارۆلین لیڤیت بە پێکەنینەوە وەڵامی ئەم هەواڵەی دایەوە و وەک زانیارییەکی نوێ بۆ خۆی وەسفی کرد.