شارپرێس:
بەسەرپەرشتیی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و تۆم باراك نێردەی تایبەتی ئەمریكا، کۆمپانیای ئەمریکی شیڤرۆن دوو ڕێککەوتنی سەرەتایی گرنگی لەگەڵ چەند کۆمپانیایەکی نەوتیی عێراقیدا واژۆکرد.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی نوسینگەی سەرۆک وەزیران، ڕێککەوتنی یەکەم لەنێوان کۆمپانیای نەوتی بەسڕەو کۆمپانیای شیڤرۆندا بوەو تایبەتە بەگواستنەوەی بەڕێوەبردنی کێڵگەی نەوتیی ڕۆژئاوای قورنە/2.
ڕێککەوتنی دووەم لەگەڵ هەردوو کۆمپانیای نەوتی زیقار و کۆمپانیای نەوتی باکوردا واژۆ کراوە. ئەم ڕێککەوتنە پەرەپێدانی کێڵگەی نەوتیی ناسریەو چوار بلۆکی گەڕان لەپارێزگای زیقار، لەگەڵ پەرەپێدانی کێڵگەی نەوتیی بەلەد لە پارێزگای سەڵاحەدین لەخۆدەگرێت.
ڕێوڕەسمی واژۆکردنەکە بەئامادەبوونی شاندێکی باڵای ئەمریکی بەڕێوەچوو، کە پێکهاتبون لەتۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا لەعێراق و جۆشوا هاریس، بەرپرسی کاروباری عێراق.