بانكی TBI هاوڵاتیان لەڕێكارێكی نوێ ئاگاداردەكاتەوە

عیراق

5 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2498 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بانکی بازرگانی عێراق (TBI) بڕیارێکی نوێی لەبارەی ئەو پارانە دەرکرد کە شێواون یان زیانیان پێگەیشتوەو دەڵێت،" لەمەودوا هاوڵاتییان دەتوانن لەتەواوی لقەکاندا ئەو پارانە بگۆڕنەوە بەتازە".

 
بانکی بازرگانیی عێراق (TBI) لەڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، "بە پشتبەستن بە رێنوێنییەکانی بانکی ناوەندیی عێراق، خزمەتگوزاریی گۆڕینەوەی ئەو پارانەی کە زیانیان پێگەیشتوەو تێکچون، لە تەواوی لقەکانماندا بەردەستە."
 
بەگوێرەی بانکی بازرگانیی عێراق، پرۆسەی گۆڕینەوەکە بەپێی یاسای ژمارە 56ی ساڵی 2004ی بانکی ناوەندی دەبێت و تێیدا جۆر و مەرجەکانی ئەو پارانە دیاریکراون، کە دەگۆڕدرێنەوە.
 
- ئەو پارانەی بەهۆی بەکارهێنانی زۆرەوە کۆن بوون، بەڵام هیچ بەشێکیان ون نەبووە.
 
- پارەیەک کە دڕانێکی تێدابێت و درێژییەکەی لە (3 سانتیمەتر) زیاتر نەبێت و بە شریتی شەفاف چاککرابێتەوە.
 
- پارەیەک کە سووچێکی قرتابێت بە مەرجێک لە (2 سانتیمەتر) زیاتر نەبێت.
 
- ئەو پارانەی لە دوو پارچە پێکهاتوون (ژمارەکانیان جیاوازن) بەڵام رووبەرەکەیان نزیکە لە رووبەری پارە ئەسڵییەکە و پێکەوە لکێندراون.
 
- ئەو پارانەی کەمتر لە 50%ی رووبەرەکەیان لەدەستداوە.